هۆڵەندا جەخت لە وەرگرتنی مافی کوردانی ئێزدی و سزادانی چەکدارانی پێشووی داعش دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا جەخت لە وەرگرتنەوەی مافی کوردانی ئێزدی و سزادانی چەکدارانی داعش لە رێگەی دادگەوە دەکاتەوە.
 
کاسپەر ڤێڵدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا رۆژی هەینی لە دادگەی دادی نیودەوڵەتی لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە شاری لاهای بەشداربوو.
 
دوای گوێگرتن لە چیرۆکی ژمارەیەک کوردی ئێزدی کە لەسەر دەستی داعش رووبەڕووی تاوان بوونەتەوە، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بە ئامادەبووانی گوت، "خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە وەک وەزیری نوێی دەرەوەی هۆڵەندا لێرەم و گوێتان لێ بگرم، چونکە پێویستە خەڵک بزانێت چی بەسەر خەڵکی ئێزدیدا هاتووە".
 
شاندێکی هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆنفرانسەکە بوو کە لە ژێر ناونیشانی (رێگەی دادپەروەری؛ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگاری و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش و رۆڵی هۆڵەندا) بەڕێوەچوو. 
 
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بە کوردانی ئێزدی گوت، "ئەو تاوانە دڕندانەی دژتان کرا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان راچڵەکاند. بیر لەوە دەکەمەوە کە دەبێت هەر جارێک گێڕانەوەی ئەم ئەزموونە چەندە ئازاربەخش بێت، ئەم چیرۆکانە ناخهەژێنن، بەڵام دەبێت ببیسترێن، چونکە نابێت هەرگیز لەبیربکرێن و نابێت خۆدزینەوە لە یاسا سەربگرێت."
 
لە گەرمەی شەڕی نێوخۆی سووریادا، داعش کە کورتکراوەی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامە)، شاڵاوێکی خوێناویی کردە سەر سووریا و عێراق  و ناوچەیەکی بەرفراوانی هەردوو وڵاتەکەی کۆنترۆڵکرد کە رووبەرەکەی هێندەی نیوەی رووبەڕی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بوو. 
 
لە 3ی ئابی 2014، هێرشی کردە سەر شنگال و دەوروبەری، 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفاند؛ نزیکەی 5000یان کۆمەڵکوژکرد. تاوەکو ئێستا 3579 کەسیان رزگارکراون.
 
لە ساڵی 2017 لە عێراق و باشووری کوردستان و لە 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان تێکشکاندنی رێکخراوەکە راگەیێندرا، بەڵام ژمارەیەکی چەکدار و ئەندامی توانیان خۆیان بدزنەوە. 
 
هۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە چەندین هەنگاوی لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی بۆ سزادانی ئەو چەکدارانە ناوە، لە نێویشیاندا لە رێگەی دادگەییکردن و بەندکردنی تاوانکاران و بەشداریکردن لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدواداچوون، دۆزینەوە و داگەییکردنیان. 
 
ڤێڵدکامپ لە بارەگەی دادگەی دادی نێودەوڵەتی کە بە کۆشکی ئاشتی ناسراوە، گوتی، "هیچ شوێنێک لێرە لە کۆشکی ئاشتی باشتر نییە بۆ گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانە"ی کوردی ئێزدی کە باس لە تاوانەکانی داعش دەکەن." 
 
وەزیرەکە هەروەها گوتی، "10 ساڵ لەمەوبەر چەکدارانی داعش بڕوایان وابوو هەرچییەکیان بویستایە دەتوانن بیکەن و خۆیان لە سزا بدزنەوە،" بەڵام "ئەو بڕیارە لە دەستی ئێمەدایە، نەوەک ئەوان،" جەختیشیکردەوە کە "خۆدزینەوە لە سزا تەنیا ئەوکات سەردەگرێت کە جیهان رێگە بە تاوانکاران بدات سەربەستانە بجووڵێن، ئەوەش شتێکە کە هەرگیز نابێت رێگەی پێ بدەین."
 
ڤێڵدکامپ هەروەها گوتی، "لاهای بە شاری ئاشتی، ئاساییش و دادپەروەریی نێودەوڵەتی ناسراوە. هۆڵەندا خەبات بۆ پاراستنی ئەو بنەمایانە دەکات. بۆیە ئێمە هەمیشە لەسەر رێبازی دادپەروەری دەڕۆین؛ گرنگ نییە گەردەلوولەکان چەند بەهێز بن."
 
هۆڵەندا هەروەها یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە لە دەستی داعش رزگاربوون بۆ ئەوەی بتوانن بە یاسا مافی خۆیان وەربگرنەوە و چەکدارە تاوانکارەکان بە سزا بگەیێنن.