باڵیۆزی ئێران لە UN: تێچووی ساڵانەی کۆچبەرانی ئەفغانی لە ئێران 10 ملیار دۆلارە

 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، زیاتر لە شەش ملیۆن کۆچبەری ئەفغانی لە ئێران دەژین و تێچووی ساڵانەیان زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە.
 
سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، شەوی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند، ئێستا زیاتر لە 6 ملیۆن هاووڵاتی ئەفغان لە ئێران دەژین و تێچووی ساڵانەیان بۆ حکومەتی ئێران زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە.
 
سەعید ئیرەوانی رەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت کە مژاری کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە ئێرانی پشتگوێ خستووە و گرینگی پێنادات.
 
ئێرەوانی گوتی، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانییەکی پێویست و سەقامگیر پێشکەش بە وڵاتانی وەک ئێران و پاکستان بکات، کە بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ ئەفغانستان، رووبەڕووی کێشە و ئاستەنگیی بەردەوام دەبنەوە.
 
ماوەیەکە ژمارەی زۆری کۆچبەرانی ئەفغان لە ئێران بووەتە جێی باس و گفتوگۆی میدیا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە و باس لە مەترسییەکانی دەکەن.
 
وەزیری ناوخۆی ئێران کۆتایی هەفتەی رابردوو رایگەیاند، وڵاتەکەی توانای لەخۆگرتنی ئەو هەموو کۆچبەرە ئەفغانییەی نییە و جەختیکردەوە، پلانیان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانە.
 
ئەحمەدڕەزا رادان، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئێرانیش رایگەیاندووە، لە پلانیاندایە تاوەکو نەورۆزی 2025 دوو ملیۆن کۆچبەری ئەفغانی لە ئێران دەربکەن.