ئەمریکا دەڵێت ئێران لە هاککردنی پێگەکانی تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ بەرپرسە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا دەڵێن، ئێران لە پشت هاککردنی هەژماری بەرپرسانی تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپەوەیە، هەروەها تاران تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە دەیەوێت دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەم ساڵی وڵاتەکەیاندا بکات.
راگەیێندراوی هاوبەشی فەرمانگەی بەرگریی هەواڵگریی نیشتمانی (ODNI)، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕالی (FBI) و ئاژانسی ئاسایش و ژێرخانی سایبەری (CISA) قسەکانی ئەندامانی تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ پشتڕاستدەکەنەوە کە سەرەتای ئەم مانگە رایانگەیاندبوو، لە لایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.
سێ ئاژانسە ئەمنییەکە دەڵێن: "هەستمان بە جموجووڵی دوژمنکارانەی روو لە زیادبووی ئێران لە ماوەی ئەم خولەی هەڵبژاردندا کردووە،" هاوکات باس لەوە دەکەن ئێران دەیەوێت کاریگەری بخاتە سەر بیرکردنەوەی رای گشتیی ئەمریکا و هەژمارەکانی ئەندامانی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژێرەکان هاکبکات، لەوانەش "ئەو جموجووڵانەی ئەم دواییانە باسکران کە ئامانج لێیان هاککردنی تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ بوو،" کە ئاژانسەکان دەڵێن، ئێران لە پشتییەوە بووە.
نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی هیچ رۆڵێکی لە هاککردنەکەدا هەبووبێت و داوای لە واشنتن کرد، بەڵگەکانی بخاتەڕوو.
نێردەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەم دەنگۆیانە بێبنەمان و هیچ راستییەکیان نییە. وەک پێشتر رامانگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ نیاز و هاندەری نییە بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا."
نێردەکە دەشڵێت: "ئەگەر ئەمریکا بڕوای بە راستی و دروستی ئەو دەنگۆیانە هەیە، پێویستە بەڵگەکانمان پێ بدات، ئەگەر هیچی هەبن، بۆ ئەوەی ئێمەش بە پێی ئەوە، وەڵاممان هەبێت."
ئەمریکا لە 5ـی تشرینی دووەم، سەرۆکێکی نوێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵدەبژێرێت. تیمەکانی ترەمپ و کامالا هاریسی رکابەریشی دەڵێن، لەم چەند هەفتەیەدا کەوتوونەتە بەر هێرشی ئەلیکترۆنی.
کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش دەڵێن هەستیان بە جموجووڵی لەو جۆرە کردووە.