فەرماندەی هێزی زەوینیی ئەرتەشی ئێران بە سەردانێک گەیشتە مۆسکۆ

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی هێزی زەوینیی ئەرتەشی ئێران ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و بڕیارە لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی و چەندین بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، ئەمرۆ یەکشەممە،20ـی ئابی 2023، کیۆمەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی زەوینی ئەرتەشی ئەو وڵاتە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئۆلێگ سالیۆکۆڤ، فەرماندەی هێزی زەمینی رووسیای فیدراڵ سەردانی مۆسکۆی کرد.
 
کیۆمەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی زەوینی ئەرتەشی ئێران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ڤنوکۆڤۆی مۆسکۆ لە لایەن کازم جەلالی باڵیۆزی ئێران لە رووسیا و ماتیسین رامان، جێگری فەرماندەی هێزی زەوینی سوپای رووسیا بۆ کاروباری هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی، پێشوازی لێکرا.
 
بەپێی میدیای ئێران، بڕیارە فەرماندەی هێزی زەوینیی ئەرتەشی  ئەو وڵاتە لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی و چەندین بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەرگریی رووسیا کۆببێتەوە، هەروەها سەردانی پێشانگای سەربازی نێودەوڵەتی ARMY 2023 دەکات لە مۆسکۆ.
 
کیۆمەرس حەیدەری هەروەها بریارە سەردانی هەندێک ناوەندی سەربازیی تایبەت بە پەروەردە و راهێنان، تەکنەلۆژیا و ئۆپەراسیۆنیی سەر بە وەزارەت بەرگریی رووسیاش بکات.
 
هەفتەی رابردووش، ژەنەراڵ عەزیز نەسیرزادە، جێگری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی رووسیای کرد و لەگەڵ سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا پێشانگەی سەربازیی نێودەوڵەتیی ARMY  2023 بەسەرکردەوە کە ئێرانیش بە شێوەیەکی فراوان بەشداری لەو پێشانگە سەربازییەدا کردووە.
 
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە بە چەندین بۆمبی زیرەک، وەکو بۆمبەکانی باڵابان و قائیم، چەندین جۆری مووشەک وەکوو سەدید، ئەڵماس، تۆفان و ئەبابیل، چەندین جۆری درۆن وەکوو مهاجیر6، کەڕار و ئاڕەش2، شاهید 129، هەروەها هەلیکۆپتەری سەبا 248 و فڕۆکەی تایبەت بە راهێنان، ژێردەریایی و چەندین چەکی سووک و مامناوەند لە پێشانگەی سەربازیی مۆسکۆ بەشدارە.
 
زیاتربوونی سەردانی بەرپرسانی سەربازیی ئێران بۆ رووسیا لە کاتێکدایە، کە پەیوەندیی سەربازیی نێوانی مۆسکۆ و تاران بە تایبەت لەپاش شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەرەو پێشەوە چووە و ئۆکراینا و وڵاتە رۆژئاواییەکان تاران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بێلایەنی خۆی نەپاراستووە و چەکی قورس و بە تایبەت درۆنی بۆ مۆسکۆ دابینکردووە، هەرچەندە ئێران رەتی دەکاتەوە و دەڵێت، ئەو درۆنە ئێرانیانەی کە لەدەستی وەزارەتی بەرگری رووسیادان، پێش شەرێ ئۆکراینا بەو وڵاتە فرۆشراون.