ئەنجوومەنی ئاسایش 13 بەرپرسی تاڵیبان لە لیستی قەدەخەی گەشتکردن دەردەهێنێت
رووداو-هەولێر
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەخەی گەشتکردن لەسەر 13 بەرپرسی تاڵیبان هەڵدەگرێت بۆ ئەوەی بتوانن گەشتی دیپلۆماسی ئەنجامبدەن؛ تاڵیبانیش دەڵێت، هەر وڵاتێک کە "شەریعەتی ئیسلامی" رێگەیان پێنەدات، مامەڵەی لەگەڵ ناکەن.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 2011، 135 بەرپرسی بزووتنەوەی تاڵیبان خراونەتە لیستی سزادراوەکانی ئەنجوومەنەکەوە کە سڕکردنی پارەکانیان و قەدەخەی گەشتکردنیان لەخۆدەگرێت، بەڵام 13 لەوانە سزاکەیان لەسەر هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی دیکە لە دەرەوەی ئەفغانستان کۆبوونەوە بکەن.
لەنێو ئەو 13 کەسەی بڕیارە لە لیستی قەدەخەی گەشتکردن دەربهێندرێن، هەریەکە لە عەبدولغەنی برادەر، جێگری سەرۆکوەزیران و شێر محەممەد عەباس، جێگری وەزیری دەرەوە هەن.
پێشتر لە مانگی حوزەیراندا، لیژنەی سزاکانی سەر ئەفغانستان لە ئەنجوومەنی ئاسایش دوو بەرپرسی پەروەردەی ئەفغانستانی لە لیستی سزادراوان هێنایە دەرەوە.
هاوکات سزادانەکەیان بۆ ئەوانی دیکە تاوەکو 19ـی مانگی ئاب درێژکردەوە، جگە لەوەش، لە ئەگەری لارینەبوونی هیچ ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایش، مانگێکی دیکەشی بۆ زیاددەکرا، بەڵام بەگوتەی دیپلۆماتانی نێو ئەنجوومەنی ئاسایش، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئیرلەندا ناڕازیبوونی خۆی خستووەتەڕوو.
هەریەکە لە چین و رووسیا داوای درێژکردنەوەی سزاکەیان کردووە، لەکاتێکدا ئەمریکا داوای "کورتکردنەوەی" لیستی بەرپرسانی تاڵیبانی کردووە و داوای لیستێکی ئەو شوێنانەشی کردووە کە بەرپرسانی تاڵیبان دەتوانن بۆی بچن.
بەگوێرەی دوایین پێشنیازیش، تەنیا رێگە بە شەش بەرپرسی تاڵیبان دەدرێت بۆ مەبەستی دیپلۆماسی گەشت بکەن، ئەگەر بێتو تاوەکو رۆژی دووشەممە هیچکام لە 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لاریبوونی خۆی رانەگەیێنێت، بڕیارەکە بۆ ماوەی سێ مانگ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
هەر رۆژی هەینی 19ـی ئاب، وەزارەتی راگەیاندنی ئەفغانستان گوتارێکی هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، سەرکردەی بزووتنەوەی تاڵیبانی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات مامەڵەکردنی حکومەتی نوێی ئەفغانستان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بەگوێرەی "شەریعەتی ئیسلامی" دەبێت و دەشڵێت، هەر وڵاتێک کە "شەریعەت رێگەمان پێنەدات، مامەڵەی لەگەڵ ناکەین".