بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر لە چین روویدا؛ لانیکەم 118 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەکی بەهێز، لانیکەم 118 کەس لە چین گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش برینداربوون. تیمە فریاگوزارییەکانیش بەردەوامن لە هەڵدانەوەی داروپەردووی ماڵە رووخاوەکان لە باکووری رۆژئاوای چین.
بەرپرسانی پارێزگەی گانسووی نێوەڕاستی چین رایانگەیاند، نیوەشەوی رابردوو، بوومەلەرزە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 105 کەس و برینداربوونی نزیکەی 400ی دیکە.
هەروەها لە شاری هایدۆنگ لە پارێزگەی کینگهای، 13 کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا، 182 برینداربوون و 20ی دیکە بێسەروشوێن بوون، ئەمە وەک میدیای چین باسی دەکات.
بوومەلەرزەکە زیانی بە هەزاران ماڵ گەیاند و خەڵکەکەی ناچارکرد بۆ سەلامەتیی خۆیان لە سەر شەقامە ساردەکان بمێننەوە.
ژنێکی تەمەن نزیک 30 ساڵ، لە ڤیدیۆێکیدا کە لە لایەن میدیای چینی بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: "خەرکبوو لە ترسا بمرم. سەیری دەست و قاچم بکەن چۆن دەلەرزم. هەر کە رامکردە دەرەوەی خانووەکە، زەویی سەر شاخەکە جوڵایەوە و بانی ماڵەکە رووخا."
ئەمە بەهێزترین بوومەلەرزەیە لە چین روویدابێت لە دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 2014 کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 600 کەس لە پارێزگەی یونانی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە.
چینەکانی ناخی زەوی لە رۆژئاوای چین چالاکانە لێکدەخشن، بە جۆرێک کە بوومەلەرزەیەکی گەورە لە پارێزگەی سیچوان لە ساڵی 2008 بووە هۆی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی زیاتر لە 87 هەزار کەس، لە نێویاندا 5 هەزار و 335 قوتابی.
ئاژانسی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەکەی شەوی رابردووی چین بە گوڕی 5.9 پلەی رێختەر بووە، کاژێر 11:59ی خوولەکی شەوی دووشەممە بەکاتی چین (06:59ی ئێوارە بەکاتی هەولێر) لە تەنکاییدا روویداوە. چەقکەی نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە شاری لانژۆی ناوەندی پارێزگەی گانسووە دوور بوو.
میدیای فەرمیی چین وا بڵاویکردەوە کە گوڕی بوومەلەرزەکە 6.2 پلە بووبێت و گوتی، لە دووری 750 کیلۆمەتر هەستی پێ کراوە.
چەند پاشلەرزەیەکی بچووک دوای بوومەلەرزە گەورەکە روویاندا و بەرپرسانی ناوچەکە هۆشدارییان دا کە دەکرێت لەرزەی بەهێزتر لە 5 پلە لە چەند رۆژی داهاتوودا رووبدەن.
بەیانیی ئەمڕۆ، ئاژانسی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.2 پلە لە شینجیانی باکووری رۆژئاوا روویداوە.
کەشێکی بەستێنەر
شی جینپینگ، سەرۆکی چین داوای "هەوڵی هەمەلایەن"ی کرد، لە کاتێکدا کە تیمە فریاگوزارییەکان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووانی بوومەلەرزەکە.
سەرۆکی چین هەروەها گوتی، پلەی گەرما لە ژێر سفرەوەیە و پێویستە تیمەکان ئاگاداربن لە دروستبوونی کارەساتی دیکە.
بەرپرسانی خۆجێی رۆژی سێشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەیان بەوە کرد کە نزیکەی پێنج هەزار ماڵ لە گانسوو زیانیان بەرکەوتووە.
میدیای فەرمیی چین باس لەوە دەکات کە هێڵەکانی ئاو و کارەبا لە گوندەکانی دەوروبەری چەقی بوومەلەرزەکە پچڕاون، بەڵام دواتر چاککراونەتەوە.
ئەو دیمەنانەی کە لە لایەن تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەوە بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە خەڵکەکە لەبەر ئاگر خۆیان گەرمدەکەنەوە لە کاتێکدا تیمە فریاگوزارییەکان چادریان بۆ هەڵدەدەن.
تەلەڤزیۆنەکە گوتی، زیاتر لە هەزار و 400 ئاگرکوژێنەرەوە و کارمەندی دیکەی فریاگوزاری نێردراونەتە شوێنی کارەساتەکە و هەزار و 600ی دیکەش خراونەتە ئامادەباشییەوە.
هەروەها بە گوێرەی میدیاکە، پێداویستیی وەک ئاوی خواردنەوە، بەتانی، تەباخ و خواردن بەسەر خەڵکەکەدا دابەشکراون، هەروها حکومەتی ناوەندی 200 ملیۆن یووان (28 ملیۆن دۆلار)ی تەرخانکردووە بۆ "پاراستنی ئاساییشی ژیان و سامانی خەڵک و کەمکردنەوەی کاریگەریی زیانەکانی کارەساتەکە."