رووسیا رێکخراوی هاوڕەگەزخوازان قەدەخە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی رووسیا رایانگەیاند، رێکخراوی نێودەوڵەتیی هاوڕەگەزخوازی قەدەخە دەکەن، چونکە رێکخراوەکە "تووندڕۆیی" بڵاودەکاتەوە.
وەزارەتی دادی رووسیا رایگەیاند، لە دادگەی باڵای وڵاتەکە سکاڵایەکی پێشكێش کردووە بۆئەوەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی هاوڕەگەزخوازی، وەکو "رێکخراوێکی تووندئاژۆ" قەدەخە بکات، تاوەکو نەتوانێت لەنێو رووسیادا هیچ چالاکییەک بکات.
رووسیا رێکارەکانی لە دژی ئەو رێکخراوانە تووند کردووە کە بانگەشە و داکۆکی لە هاوڕەگەزخوازی دەکەن، سەرۆکی وڵاتەکەش بەردەوام پشتگیریی خۆی بۆ بنەماکانی خێزان دەربڕیوە.
وەزارەتی دادی رووسیا دەڵێت، ئەو گرووپ و رێکخراوانەی بەرگری لە هاوڕەگەزخوازی دەکەن "چەندین ئاماژە و جۆری تووندڕۆییان پێشانداوە، لەنێویاندا زیادکردنی رق و کینەی کۆمەڵایەتی و ئایینی."
بە گوتەی وەزارەتەکە، رۆژی 30ی تشرینی دووەم، دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەکە دەستپێدەکات.
دیلیا گەفورۆڤا، سەرۆکی رێکخراوی سفیر، کە بەرگری لە هاوڕەگەزخوازەکانی رووسیا دەکات، رەخنەی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی دادی وڵاتەکە گرت و گوتی، "بەرپرسانی رووسیا جارێکی دیکە لەبیریان کرد کە هاوڕەگەزخوازانیش مرۆڤن."
لەو کاتەوەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەستیپێکردووە، کە هەندێک جار لەنێو رووسیادا بە جەنگی دژی بەها لیبراڵەکانی رۆژئاوا دادەنرێت، حکومەتی رووسیا سەرنجی زیاتری خستووەتە سەر بەرەنگاربوونەوەی گرووپ و رێکخراوەکانی هاوڕەگەزخوازی.
تەممووزی ئەمساڵ، پەرلەمانی رووسیا نەشتەرگەریی رەگەزگۆڕینی قەدەخەکرد.
پیتر تۆلستۆی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیا، ئەو کات گوتی، یاساکە "بۆ دانانی بەربەستێکە لە بەردەم ئایدۆلۆجیای رۆژئاوایی دژە خێزان" تاوەکو کاریگەری نەکاتە سەر رووسیا.
تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، رووسیا هەروەها هەموو "پڕوپاگەندەی" هاوڕەگەزخوازیی قەدەخە کرد، بەو واتایەی ناتوانن لە رێگەی بەرهەمی هونەریی وەک پەرتووک، شانۆ، میوزیک، فیلم و هتد بانگەشە بۆ ئایدۆلۆجییەکەیان بکەن.
کرێملن و کەنیسەی ئۆرسۆدۆکس بەردەوام پێداگرییان لەسەر بەها و دابونەریتی رەسەنی کۆمەڵگەی رووسی کردووە.
سەرەتا لە ساڵی 2013، رووسیا بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی هاوڕەگەزخوازی بۆ نێو منداڵان قەدەخە کرد و لەو کاتەشەوە دەستی بە فراوانکردنی قەدەخەکە کرد.
هەروەها لە ساڵی 2020 لەگەڵ هەموارکردنەوەی دەستوور، پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەنێوان هاوڕەگەزەکاندا قەدەخە کرد.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە چەندین بۆنەی جیادا جەختی کردووەتەوە کە "دایک دایکە و باوکیش باوک."