ئەمریکا: پێویستە حیزبوڵڵا کۆتایی بە هێرشە تیرۆرستییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر حیزبوڵڵا نایەوێت دۆخی ناوچەکە زیاتر تێکبچێت، ئەوا پێویستە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بوەستێنێت. 
 
دوای تەقینەوەی هەزاران پەیجەر و بێتەل لە لوبنان کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 37 کەس و برینداربوونی هەزارانی دیکە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی ئەمڕۆ لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "تا ئەو کاتەی دووژمنکاریی سەر غەززە دەوەستێت،" لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.
 
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "نەسروڵڵا دەتوانێت هێرشە تیرۆرستییەکانی بۆسەر ئیسرائیل بوەستێنێت و من گەرەنتیتان پێ دەدەم، ئەگەر وا بکات، ئێمە گوشار لە ئیسرائیل دەکەین لای خۆیانەوە ئارامی بپارێزێن. بەڵام لە کۆتایدا دەبینین ئەو هێرشە تیرۆرستییەکانی خۆی نەوەستاندووە."
 
میلەر گوتیشی: "تاوەکو حیزبوڵڵا لە هێرشە تیرۆرستییەکانی بۆ سەر ئەو دیوی سنوور بەردەوام بێت، بێگومان ئیسرائیل هەنگاوی سەربازی دەنێت بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات، وەک هەر وڵاتێکی دیکە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن دەیەوێت "گوشار لە هەموو لایەنەکان بکات بۆ ئەوەی ململانێکە فراوان نەکەن و لەدەستدەرنەچێت."