سەرۆکی پۆرتوگال بۆ رووداو: پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگ دەکات
رووداو - نیویۆرک
سەرۆکی پۆرتوگال دەڵێت، هەندێک بنەمای نێودەوڵەتی هەن کە پێویستە هەموو وڵاتێک پێیانەوە پابەند بێت بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوان وڵاتاندا هەڵنەگیرسێت.
مارسیلۆ ریبیلۆ دو سوسا، سەرۆکی پۆرتوگال سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بە رووداوی گوت، هەندێک بنەما هەن گرنگە وڵاتان لە سەرانسەری جیهاندا پێیانەوە پابەند بن.
ئەو بنەمایانەی کە سەرۆکی پۆرتوگال باسیان دەکات بریتین لە "رێزگرتن لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی؛ رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتی بەرامبەر و رێزگرتن لە سەروەری خاکی وڵاتانی دیکە."
مارسیلۆ ریبیلۆ دو سوسا گوتی، جێبەجێکردنی ئەو بنەمایانە زۆر پێویستن بۆ رێگەگرتن لە روودانی جەنگ لە هەر ناوچەیەکی ئەم جیهانەدا بێت و ئاماژەی بەوەشکرد، جەختکردنەوە لە پابەندبوون بەو بنەمایانەوە لە لایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل لە گوتەکانیاندا ئەمڕۆ سێشەممە لە نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لێوە کرا.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و سەرۆکی پۆرتوگال:
رووداو: جەنابی سەرۆک، پێت وایە جەنگی ئۆکراینا زوو کۆتایی دێت؟ پێت وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری پێویستی کردووە بۆ وەستاندنی شەڕی رووسیا لە ئۆکراینا؟
سەرۆکی پۆرتوگال: پێموایە کە سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی؛ سەرۆک بایدن لە لایەک و سەرۆک لولا (دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل) لە لایەکی دیکە وەڵامی ئەم پرسیارەیان دایەوە و باسی ئەوەیان کرد کە دەبێت چی بکرێت. مەبەستم ئەوەیە، ئەوە شتێکە پەیوەندی بە بنەماوە هەیە. بابەتەکە ئەوەیە کە دەبێت رێز لە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت؛ هەروەها بابەتی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی وڵات گرنگە. ئەمانە بابەتە سەرەکییەکانن نەک تەنیا لە ئۆکراینا، بەڵکو لە هەموو شوێنێک و لە هەموو جەنگێکدا. ئەم بنەمایانە دەبێت لە هەموو شوێنێک و هەموو جەنگێکدا رێزیان لێ بگیرێت بۆ ئەوەی رێگری لە جەنگ بکرێت.