ئیلۆن مەسک بۆ کردنەوەی ستارلینک دەچێتە ئیندۆنیزیا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و داهێنکاری بواری تەکنەلۆجیا، ئەمڕۆ یەکشەممە گەیشتە دوورگەی بالی لە ئیندۆنیزیا بۆئەوەی بە فەرمی پڕۆژەی دابینکردنی ئینتەرنێتی ستارلینک بۆ ئەو وڵاتە، بکاتەوە.
 
مەسک دەیەوێت خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بگەیێنێتە ناوچە دوورەدەستەکانی ئیندۆنیزیا.
 
ئەو وڵاتە کە لە زیاتر لە 17 هەزار دوورگە پێکدێت، ملیۆنان کەسی تێدایە کە هێشتا ئینتەرنێتێکی باشیان دەستناکەوێت.
 
ئەمە یەکەمین سەردانی مەسکە بۆ ئەو وڵاتەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا. بڕیارە هاوشانی جۆکۆ ویدۆدۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا، لە شاری دێنپاساری پایتەختی بالی، ئامادەی بۆنەکە بێت.
 
لوهوت بینسار پانجایتان، وەزیری رێکخستنی کاروباری دەریایی و وەبەرهێنانی ئیندۆنیزیا ئاماژە بەوە دەکات، ستارلینک "توانای هەیە بگاتە دوورەدەستترین ناوچەکانی ئیندۆنیزیا."
 
وەزیرەکە لە پۆستێکی ئینستاگرامدا نووسیویەتی، "دەرفەتی ئەوەم هەبوو ئەم بەیانییە ئیلۆن لە فڕۆکەخانە هەڵبگرم و دواتر باسی هەندێک لە خاڵەکانی کارنامەکەی بۆ ئێرە بکەین. یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان، دەستپێکردنی خزمەتگوزاریی ستارلینکە."
 
بە گوتەی لوهوت، مەسک لە کۆڕبەندی ئاوی جیهانیش قسە دەکات، کە لە دوورگەکە دەکرێت.
 
خزمەتگوزارییەکانی ستارلینک ئەم مانگە لە شاری نوسانتارای دوورگەی بۆرنیۆ تاقیدەکرێنەوە و مانگی ئاب دەست بە فرۆشتنی ئامێرەکانی دەکات.
 
ئەو شارە لە 17ی ئابەوە وەکو پایتەختی نوێی ئیندۆنیزیا، شوێنی جاکارتا دەگرێتەوە، لەبەر ئەوەی زانایان پێشبینی دەکەن تاوەکو ساڵی 2050 بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریا، جاکارتا ژێرئاو بکەوێت.
 
دوای تاقیکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان، ستارلینک دەتوانێت لە سەرانسەری ئەرخەپێلەکە (واتە کۆمەڵە دوورگەکە) دەست بە فرۆشتن بکات. 
 
لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئێستا ستارلینک لە مالیزیا و فلیپین کار دەکات. 
 
ستارلینک بە بەکارهێنانی ژمارەیەک مانگی دەستکرد لە خوولگەی نزمی زەوییەوە، ئینتەرنێت دەگەیێنێتە نزیکەی هەموو کونج و کەلەبەرەکانی جیهان، لە دوورترین خاڵی بەستەڵەکی جەمسەری باکوورەوە بگرە تاوەکو دەگاتە قووڵایی بیابانی گەورەی ئەفریقا.
 
بەگوێرەی بانکی جیهانی، ساڵی 2022 نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانە 270 ملیۆنییەکەی ئیندۆنیزیا، ئینتەرنێتیان دەستکەوتووە.