وەزیری دارایی: ئەڵمانیا پیاوە نەخۆشەکەی ئەوروپا نییە، بەڵکو ماندووە و پێویستی بە قاوەیەکە
رووداو دیجیتاڵ
"ئەڵمانیا پیاوە نەخۆشەکەی ئەوروپا نییە، بەڵکو پیاوێکی ماندووە و پێویستی بە قاوەیەکی باشە،" ئەمە قسەی کریستیان لیندنەر، وەزیری دارایی ئەڵمانیایە، وەک ئاماژەیەک بۆ خراپبوونی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی.
لیندنەر رۆژی هەینی لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسرا گوتی، "ئەڵمانیا پیاوە نەخۆشەکە نییە،" بەڵکو بەهۆی قەیرانەکانی ئەم چەند ساڵەوە بووەتە "پیاوێکی ماندوو"؛ گوتیشی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی ئەڵمانیا رەنگە زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بێت.
وەزیرەکە دەڵێت، ئەوەی ئێستا ئەڵمانیا پێویستی پێیەتی، "کوپێکی قاوەی باشە، واتە پێویستی بە چاکسازیی هەیکەلییە".
لە کاتی قسەکردنیدا لە پانێڵێک لە بارەی ئاسۆی ئابووریی جیهان، کریستیان لیندنەر باسی لەوە کرد کە ساڵی 2023 "بانگەوازێک بووە بۆ هەنگاونان"؛ باسی لەوەش کرد، لە نێو ئەو ئاڵنگارییانەی لەو ساڵەدا هاتوونەتە پێش، بریتین لە ژیریی دەستکرد و هەڕەشەی پەرتبوونی ئابووریی جیهان.
ساڵی رابردوو، گەورەترین ئابووریی ناوچەی یۆرۆ، بەهۆی هەڵاوسان، بەرزبوونەوەی نرخی وزە و کەمبوونەوەی خواستی دەرەکی، 0.3٪ پاشەکشەی کرد.
لیندنەر رۆژی پێنجشەممە، لە هەڤپەیڤینێکی میدیاییدا باسی لەوە کرد کە پێشبینی دەکات لە نێوەڕاستی ئەم ساڵدا گەشەی ئابووریی ئەڵمانیا بەرزتربێتەوە.
بەڵام ئابووریناسان دەڵێن، ئەم خاوبوونەوەیە لە مانگەکانی سەرەتای ئەم ساڵدا یەخەی ئابووریی ئەڵمانیا بەرنادات و لە هەندێ دۆخدا کاریگەرییەکەی سەختتریش دەبێت.