ئۆکراینا دەڵێت پێگەکانی لەنێو رووسیادا "تۆکمە" دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، هێزەکانی وڵاتەکەی پێگەکانیان لەنێو هەرێمی کورسکی رووسیادا "تۆکمە" دەکەن.
لە رۆژی سێشەممە 6-8-2024ـەوە هێرشی زەوینیی ئۆکراینا لەنێو رووسیا بەردەوامە و سوپای ئەو وڵاتە چووەتە نێو قووڵایی هەرێمی کورسکەوە.
قسەکانی زیلیسنکی رۆژێک دوای ئەوە هاتن کە بەرپرسانی رووسیا، ئۆکراینایان بە رووخاندنی پردێکی سەر رووبارێکی هەرێمەکە تۆمەتبارکرد، لە کاتێکدا ئۆکراینییەکان هەوڵدەدەن رێگە لۆجستییەکان لە سەربازانی رووسیا ببڕن.
زیلینسکی لە نامەیەکی تەلەگرامدا دەڵێت، ئۆلێکساندەر سیرسکی، سوپاسالاری وڵاتەکەی پێی راگەیاندووە کە هێزەکانی وڵاتەکەی لەنێو هەرێمی کورسکدا "پێگەکانیان تۆکمە دەکەن و سنووری ناوچەی سەقامگیرکراو فراوان دەکەن."
زیلینسکی هەروەها دەڵێت، "سامانێکمان بۆ وڵاتەکەمان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ئاڵۆگۆڕکردندا بەکاریبهێنین،" کە مەبەست لێی بەدیلگرتنی سەربازانی رووسییە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەگەڵ سەربازە بەدیلگیراوە ئۆکراینییەکان بیانگۆڕنەوە.
کیێڤ دەڵێت، زیاتر لە 80 گوند و شارۆچکەی لە هەرێمی کورسک کۆنترۆڵکردووە.
هەروەها وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، لە نزیک سێ گوندی هەرێمی کورسک پاشەکشەیان بە هێزەکانی ئۆکراینا کردووە و، بە دوای ئەو یەکینە ئۆکراینییانەدا دەڕۆن کە هەوڵدەدەن قووڵایی زیاتر بۆ نێو خاکی رووسیا ببڕن.
سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، ئەو ئۆپەراسیۆنە "رێک وەک ئەوەی چاوەڕێمان دەکرد بەرەو پێش دەچێت."
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە مانگی شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکرد کە رووسیا بەرەوپێشچوونێکی زۆری لە چەندین ناوچە بەدەستهێنا، ئەوەی ئێستا روودەدات، هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینایە بەتایبەتی دوای بەدەستگەیشتنی چەکێکی زۆر لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکاوە.