ئەڵمانیا یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا کەمدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا، دووەم گەورەترین کۆمەکبەخشی ئۆکراینایە، بەنیازە ساڵی داهاتوو، یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ کیێڤ بۆ نیوە کەمبکاتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا کە قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، حکومەتەکەی ئۆلاف شۆڵتز، بڕیاریداوە لە بودجەی ساڵی 2025، پارەی یارمەتییە سەربازییەکانی ئۆکراینا کەمبکاتەوە و لەبری ئەوە، پارەی سڕکراوی رووسیا بە کیێڤ بدات.
بەگوتەی هەمان سەرچاوە، بەرلین لە بودجەی ساڵی داهاتوودا، 4 ملیار یۆرۆی بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا تەرخانکردووە، لە کاتێکدا ئەم ساڵ هەشت ملیاری بۆ دانراوە.
بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو لێبڕینە، ئەڵمانیا بە نیازە لە چوارچێوەی کۆمەڵەی 7 پێشەسازییە دیموکراسییەکە (G7) و یەکێتیی ئەورووپادا، بەرنامەیەکی دارایی دابنێت بۆ ئەوەی سامانی سڕکراوی رووسیا بە ئۆکراینا بدەن، ئەمە وەک سەرچاوەیەکی دیکەی نێو وەزارەتی دارایی ئەڵمانیا بە فرانس پرێسی گوتووە.
پێشتر میدیای ئەڵمانیا رایگەیاندبوو؛ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کە سەر بە پارتی چەپی میانڕۆی سۆسیال دیموکراتە، لەگەڵ کرستیان لیندنەری وەزیری دارایی لیبرال لەسەر هەنگاوێکی لەم جۆرە رێککەوتوون.
پارتەکانی نێو حکومەتی ئەڵمانیا کە پێکدێن لە پارتی ئازادیی دیموکرات، سەوزەکان و سۆسیال دیموکراتەکان، مشتومڕی تووندیان لەسەر بودجەی ساڵی 2025 هەبوو.
وەزیری دارایی داوای لە هاوکارەکانی کردبوو کە دەست بە پارەوە بگرن بۆ ئەوەی نەبنە هۆی پێشێلبوونی بەندێکی دەستووری کە دژی زیادبوونی قەرزەکانە.
بودجەکە لە پەرلەمان چەندین کۆبوونەوەی لەسەر دەکرێت پێش ئەوەی لە کۆتایی ئەم ساڵدا پەسند بکرێت.
هاوپەیمانەکانی ئۆکراینا ماوەیەکە کار لەسەر ئەوە دەکەن؛ میکانزمێک دابنێن بۆ ئەوەی 300 ملیار دۆلاری سڕکراوی رووسیا، بۆ یارمەتیدانی کیێڤ بەکاربێنن.