38 کەس بەهۆی ئاگری دارستانەکانی جەزائیر گیان لەدەستدەدەن


رووداو-هەولێر

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرەکەی دارستانەکانی جەزائیرەوە بۆ لانیکەم 38 کەس بەرزبووەوە. تاوەکو ئێستاش لانیکەم دوو هەزار و 500 هێکتار دارستان سووتاوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئابی 2022، میدیای جەزائیر لەسەر زاری بەرپرسانی بەشی ئاگرکوژێنەوەی وڵاتەکە بڵاویکردەوە، زۆربەی ئەوانەی بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە، لە ناوچەی تارفی نزیک سنووری توونسن لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و ئاگرەکە بەهۆی وشکەساڵی و شەپۆلی گەرماوە تاوەکو دێت زیاتر دەبێت. 
 
رۆژی چوارشەممە 17-8-2022 وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە بڵاویکردبووەوە، لانیکەم 26 کەس بەهۆی ئاگرەوە لە 14 ناوچەی باکووری وڵاتەکە گیانیان لەدەستداوە کە 12یان لە ناوچەی تارف بوون و دەیانی دیکەش بریندار بوون. 
 
هاوکات بەرپرسانی پارێزگای سوق ئەهراسی باکووری رۆژهەڵاتی جەزائیر رایانگەیاند، چوار کەس بەهۆی ئاگرەکەوە بەشێکی جەستەیان سووتاوە و 41 کەسی دیکەش بەهۆی دووکەڵەکەیەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون و 350 کەسیش ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن. 
 
وەزارەتی باری لەناکاوی وڵاتیش بڵاویکردەوە، لە رۆژی چوارشەممەوە 39 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە 14 ناوچەی وڵاتەکە تۆمارکراون کە 16یان لە شاری تارف بوون.  
 
جەزائیر بە گەورەترین وڵاتی ئەفریقا دادەنرێت لەڕووی رووبەرەوە و رووبەری 4.1 ملیۆن هێکتار دارستانی هەیە. لە سەرەتای ئابەوە 106 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە وڵاتەکە روویانداوە و لانیکەم دوو هەزار و 500 هێکتار دارستانیان سووتاوە. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وڵاتەکە، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەی ساڵی رابردوو لە دارستانەکانی وڵاتەکە، 100 هەزار هێکتار لە رووبەری دارستان سووتا و 90 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.