لە ئەڵمانیا دوو کچی گەنجی وەرزشوان جووڵەی سەرنجڕاکێش بە تۆپ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

دوو کچی گەنجی وەرزشکار لە ئەڵمانیا سەرنجی گەشتیارانیان راکێشاوە. لە سەنتەری شاری دۆسێڵدۆرف یاری و نمایشی سەرنجڕاکێش بە تۆپ دەکەن.
 
سێرێنا و جاسمین، ئەندامی تیپی تۆپی پێی ئازادیی ئەڵمانیان کە ژمارەیان 200 کەسە. ئەوان راهێنەریان نییە و بە راهێنان و حەزی خۆیان فێری یارییکردن بە تۆپ و جووڵەی سەرنجڕاکێش بوون. ئەم رۆژانەی یۆرۆ سەرنجی هاندەرانیان بۆ لای خۆیان راکێشاوە. 
 
سێرینا بە رووداوی گوت: "ئەوپەڕی شانازییە کە ئەڵمانیا نوێنەرایەتیی ئەم پاڵەوانەتییە دەکات لە وڵاتەکەی، دەمێکە پاڵەوانییەتی لە وڵاتەکەمان بەڕێوەنەچووە، من زۆر دڵخۆشم و هاندەرانیش حەزیان بە نمایشەکانمە. بەڕاستی لەسەرتاسەری وڵات کەشێکی خۆش لە شەقامەکان بەدی دەکەین، بەڕاستی هەست بەوەدەکەی کە زۆنی فانەکان جمەیان دێت، جێگەی دڵخۆشییە کە لەڕێگەی ئەم پاڵەوانەتییە خەڵک تێکەڵ بەیەکدی بوون."
 
لە هەر 10 شارەکەی ئاڵمانیا کە میوانداریی یارییەکان دەکەن، فانزۆنەکانەکان بوونەتە شوێنی ئەو هاندەرانەی کە تیکتیان دەستناکەوێ یان حەزدەکەن لە کەشێکی کراوە و دۆستانە چاو لە یارییەکان بکەن. 
 
هاندەران بە پێی گۆرانی و هێمای تایبەتی وڵاتەکەیان هەستی خۆیان دەردەبڕین و کەشوهەوای یارییەکان جیاواز کردووە.
 
هاندەرێک دەڵێت: "بەڵێ، حەزم بە تۆپی پێیە، فەرەنسا باشترین تیپی جیهانە. گریزمان بۆ پێشەوە. من لە مەیامیی فلۆریداوە بۆ بینینی گریزمان هاتووم و یارییەکەش دەبەینەوە."
 
24 هەڵبژاردە بە 24 هێمای تایبەت، هاندەرانیان لە ئەڵمانیاوە کولتوور و بیروباوەڕی خۆیان دەردەبڕن. جاناتان چێن، هاندەری نەمسا گوتی: "دەمانەوێ باش دەنگمان هەڵبڕین، بە هاوارکردن فەرەنسییەکان دوورخەینەوە، دەتوانن بڕۆنەوە ماڵەوە و مریشکی سوورکراو بخۆن. ئێوە خەڵکی کوردستانن؟ هەر بژین، پاڵپشتیتان دەکەین و ئێمە دۆستی یەکدین." 
 
یەکەمجارە هەموو یارییەکانی یۆرۆ لە ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت و جموجووڵی گەشتیاران لەم وڵاتە تاوەکو 14ـی تەممووز بەردەوام دەبێت.