ئیسپانیا: رۆژێک بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین دەستنیشان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەڵێت، چوارشەممەی داهاتوو مەدرید رۆژێک دیاری دەکات بۆئەوەی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.
رۆژی هەینی 17-05-2024 پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، "رۆژی چوارشەممە، 22ی نیسان رۆژێک دیاری دەکەین بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین،" بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ چەندین وڵات لە هاوئاهەنگیدان.
مانگی ئاداری ئەم ساڵ، سانچێز رایگەیاند، ئیسپانیا، ئایرلاند، ماڵتا و سلۆڤینیا ئامادەن هەنگاوەکانی سەرەتایی داننان بە فەلەستین و ئیسرائیل وەکو دوو دەوڵەت بنێن.
پێشتر جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، "ئیسپانیا، ئایرلاند و سلۆڤینیا پلانیان داناوە لە 21-05-2024 بە شێوەیەکی هێمایی [رەمزی] دان بە فەلەستیندا بنێن."
بۆرێل جەختی لەوە کردەوە، خۆسێ ئەلبارێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئەو رێکەوتەی دیاریکردووە.
لەلایەکی دیکە، رۆژی سێشەممە 14-05-2024، مایکڵ مارتن، وەزیری دەرەوەی ئایرلاند گوتی، "دبلن دڵنیایە لەوەی لە کۆتایی مانگی ئایار دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێت، بەڵام رێکەوتەکە هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە."
ئایرلاند چەندین جار رایگەیاندووە، ئەگەر دانپێدانانیان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین، یارمەتیی کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات، ئەوا ئامادەن دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.
کۆماری ئایرلاند وڵاتێكی سەربەخۆیە؛ ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە، دراوسێی هەرێمی ئایرلاندی باکوورە، کە بەشێکە لە بەریتانیا.
دەسەڵاتی فەلەستین دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە کۆی 193 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان 137 ئەندام دانیان بە دەوڵەتی فەلەستین ناوە.
لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ناوچەکانی دیکە هەن، بەڵام ئەمریکا، کەنەدا، زۆربەی رۆژئاوای ئەورووپا، ئوسترالیا، ژاپۆن و کۆریای باشووریان تێدا نییە.
هەرچەندە ژمارەیەک وڵاتی نێو یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتیی لە داننان بە دەوڵەتی فەلەستین دەکەن، بەڵام هێشتا فەرەنسا و ئەڵمانیا دژی ئەو بیرۆکەیەن. زلهێزەکانی رۆژئاوا دەڵێن داننان بە فەلەستین کاتێک روودەدات کە ئاشتی و ئاسایشی ئیسرائیل بپارێزرێت.