کۆشکی سپی: ئەمریکا پەیوەندیی نێوان چین و رووسیا بە جیدی وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی سەردانەکەی سەرۆکی رووسیا بۆ چین؛ جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن پەیوەندیی نێوان چین و رووسیا بە جیدی وەردەگرێت.
ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە سەردانێکی دوو رۆژە لە چین بوو، تێیدا جەختی لە دەستپێکردنی "قۆناخێکی نوێ"ی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ پەکیندا کردەوە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەو بارەیەوە گوتی، ڤلادیمیر پووتین و شی جین پینگی سەرۆکی چین "دوو سەرکردەن کە مێژوویەکی درێژیان لە پێکەوە کارکردن نییە و بەرپرسانی هەردوو حکومەتیش متمانەیەکی ئەوتۆ بەیەکدی ناکەن."
بەڵام جۆن کێربی ئاماژەی بەوەش کرد، خاڵێکی هاوبەشی دوو سەرکردەکە، هەبوونی "خواستێکی بەهێزە بۆ رکابەرایەتیکردنی سیستمی نێودەوڵەتی، کە لەسەر بنەمای یاسا دامەزرێندراوە، هەروەها بۆ رکابەرایەتیکردنی تۆڕی هاوپەیمانی و هاوبەشییەکانی ئەمریکا."
پووتین رۆژی هەینی چینی جێهێشت. لە سەردانەکەیدا جەختی لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامی پەیوەندییەکانی رووسیا و چین و هەروەها پەیوەندیی نێوان خۆی و شی جین پینگ کردەوە؛ لە کاتێکدا هەردووکیان هەوڵ بۆ دۆزینەوەی پێگۆڕێک بۆ هەژموونی ئەمریکا بەسەر جیهاندا دەدەن.
پووتین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە،" رۆژێکی تەواوی لەگەڵ سەرۆکی چیندا بەسەربردووە.
کاتێک پووتین پەکینی جێهێشت، لەگەڵ شی جین پینگ یەکدییان لە ئامێز گرت.