دەیان هەزار کەس لە جۆرجیا بە رێپێوان پشتیوانی بۆ بەهاکانی خێزان دەردەبڕن
رووداو دیجیتاڵ
17ی ئایار، لە وڵاتە رۆژئاواییەکان رۆژی داکۆکیکردنە لە هاوڕەگەزخوازی، بەڵام لای جۆرجییەکان رۆژی پاراستنی بەهاکانی خێزان و رووبەڕووبوونەوەی هاوڕەگەزخوازییە. لەو رۆژەدا، دەیان هەزار کەس، بە منداڵ و گەنج و پیرەوە، لە تبلیسی پایتەختی ئەو وڵاتە رێپێوانیان کرد.
گۆگیتا ماگراکڤلیدز، بەشداربووی رێپێوانەکە دەڵێت، "ئەم رۆژە پەیوەندیی بە دابونەریتمانەوە هەیە. بەرگریکردن لە رێبازی باوباپیرانمان بەنرخترین شتە بۆ ئێمە."
ئەم رێپێوانە بۆنەیەکی ساڵانەیە. لە ساڵی 2010 بە بڕیاری پاتریارکی جۆرجیا راگەیێندرا، بۆئەوەی بەها خێزانییەکان بپارێزن. سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی جۆرجیاش تێیدا بەشداربوون.
لاشا گوگیاشڤی، بەشداربووی رێپێوانەکە گوتی، "زۆرینەی رەهای خەڵکی جۆرجیا کە کەنیسەیان خۆشدەوێت، خێزانیان خۆشدەوێت و رێز لە بەهاکانی خێزان و ئایینی کرستیان دەگرن، ئەمڕۆ لێرە یەکیان گرتووە."
شوێنکەوتووانی کەنیسەی ئۆرسۆدۆکس 83.4%، کەنیسەی ئەرمەنی 2.9% و ئیسلام 10.7%ی دانیشتووانی جۆرجیا پێکدەهێنن.
پێچەوانەی وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا، زۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتەی رۆژهەڵاتی ئەورووپا، هاوڕەگەزخوازی بە مەترسی بۆ سەر خێزان و کۆمەڵگە دادەنێن.
مانگی ئادار، پارتی فەرمانڕەوا رەشنووسێکی بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری وڵاتەکە پێشنیاز کرد، کە ئەگەر پەسند بکرێت، رەگەزگۆڕین و خۆپێشاندان و گردبوونەوەی هاوڕەگەزخوازەکان قەدەخە دەکات.