ترەمپ داوا دەکات پشکنینی مادەی هۆشبەر بۆ بایدن بکرێت پێش دیبەیتەکەیان

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ داوا دەکات پێش دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پشکنینی ماددەی هۆشبەر بۆ جۆ بایدنی رکابەری بکرێت. 
 
5ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەمریکییەکان سەرۆکێک بۆ چوار ساڵی دیکە هەڵدەبژێرن. 
 
بایدن و ترەمپ، هەردوو بەربژێری سەرەکی، پێش هەڵبژاردنەکە، لە سێ دیبەتی تەلەڤزیۆنیدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. 
 
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە شاری سان پۆوڵ لە ویلایەتی مینیسۆتا بە لایەنگرەکانی گوت، بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دیبەیتەکە دەکات بۆ ئەوەی رووبەڕوو، بایدن رەخنەباران بکات. 
 
کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، یەکەمین دیبەیتی سەرۆکایەتی لە 27ـی حوزەیران رێکدەخات و جەیک تاپەر، دەینا باش، پێشكێشکارانی کەناڵەکە، بەڕێوەی دەبەن.   
 
دەقی گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێر بۆ سەرۆکی ئەمریکا:
 
دەمەوێت دیبەیت لەگەڵ ئەم کابرایە (جۆ بایدن) بکەم، بەڵام، دەزانن چی؟ داوا دەکەم پشکنینی ماددەی هۆشبەری بۆ بکرێت. ئەو کارە هەر دەکەم. نامەوێت وەک کاتی گوتاری سەرۆکایەتی بێتە نێو دیبەیتەکەوە، کابرا سەرخۆش بوو، چووبووە بەرپەڕی ئاسمان، بە خۆمم گوت، 'ئەوە جۆوە لەوێ!؟' تاوەکو بووە ئێوارەش ئاوای لێ هات... شەکەت بوو. ئێمە داوا دەکەین پشکنینی ماددەی هۆشبەر بکرێت، بەڵام کێشەم لەگەڵ تاپەری ساختەچی و ئەوانی دیکەدا نابێت، باش دەبن، دادپەروەرد دەبن، پێموایە دادپەروەر دەبن. ئەگەر دادپەروەریش نەبن، چی بکەین؟ دەبێ لەگەڵیان رابێین. پێویستە لەگەڵیان رابێم. دەمەوێت دیبەیتەکە قبوول بکەم."