ئەپڵ بەنیازە تەنکترین مۆبایل دروستبکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆمپانیای ئەپڵ، ئایفۆن 17 لە 2025 رادەگەیێندرێت و جیاوازیی زۆری تێدا دەکرێت، لەوانەش تەنکترین ئایفۆن دەبێت لە مێژوودا، کامێرای پێشەوەی باشتر دەبێت، نرخی لە پرۆماکس بەرزتر دەبێت، کامێراکانی پشتەوەی دێنە نێوەڕاست و پرۆسێسەری A19ی لەسەر جێگیر دەکرێت.
 
چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆمپانیای ئەپڵ رایانگەیاندووە، کۆمپانیا ئەمریکییەکە بەنیازە لە 2025دا ئایفۆن 17 تەنکتر بکاتەوە، بەجۆرێک کە دەبێتە تەنکترین ئایفۆنی مێژوو. هەروەها، کۆمپانیاکە بەنیازە نرخی ئەو ئایفۆنە نوێیە لە ئایفۆن پرۆ ماکس بەرزتر بکاتەوە کە پێشبینیی دەکرێت لە ئەیلوولی 2025 رایبگەیەنێت. 
 
سەرچاوەکان دەڵێن، نرخی ئایفۆنەکە بەرز دەبێتەوە و نرخی ئایفۆن پڵەسیش دەهێنێتە خوارەوە. کەسێکی دیکە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت، ئەپڵ بەنیازە بازدانێکی مێژوویی بکات و کامێراکانی مۆبایلەکە لە چەپی سەرەوە بۆ نێوەڕاستی سەرەوەی مۆبایلەکە بگوازێتەوە، بەڵام هێشتا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک بۆ ئەم دەنگۆیە نییە.
 
ئەپڵ دەکەوێتە شاری کوپەرتینۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا. کۆمپانیاکە چەند دیزاینێکی جیاوازی بۆ ئایفۆن 17 تاقیکردووەتەوە و کۆدی مۆبایلەکە ناوی D23Mیە. ئەپڵ دەیەوێت چارەسەرکەری [پرۆسێسەر]ـی A19 بۆ مۆبایلەکە جێگیر بکات.
 
سەرچاوەکان هەروەها دەڵێن، کۆمپانیاکە کوالێتیی کامێرای پێشەوەی (سێڵفی)ـی مۆبایلەکە باشتر دەکات. 
 
کۆمپانیای ئەپڵ بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو دیزاینە نوێیە نەداوە. مۆبایلی ئایفۆن بەهێزترین و پڕفرۆشترین بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵە، لەلایەن هەریەک لە کۆمپانیا چینییەکانی ئۆنەر و هواوی هەروەها سامسونگی کۆری رکابەریی دەکرێت.
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەک، لە سێ مانگی یەکەمی 2024، کۆمپانیای سامسونگ پڕفرۆشترین بووە و لەدوای ئەویش ئایفۆن هاتووە، لە پلەی سێیەمیش کۆمپانیای شاومیی چینی دێت.
 
تێبینییەکی زۆر لەسەر ئاست و رێژەی فرۆشی ئایفۆن لە 2023 و 2024 هەبوو. سەرەتای ئایاری 2024 ئەپڵ رایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 23 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە. کۆی داهاتەکەشی گەیشتووەتە 90 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار.
 
لوکا مایێستری، بەڕێوەبەری دارایی ئەپڵ دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی متمانەمان بە داهاتووی ئەپڵ و ئەو بەهایەی لە پشکەکانمان دەیبینین، دەستەی بەڕێوەبەران بڕیاری داوە 110 ملیار دۆلار بۆ کڕینەوەی پشکەکانی کۆمپانیاکە تەرخان بکات."
 
بەهۆی ئەم بڕیارەوە، نرخی هەر پشکێکی کۆمپانیاکە زیاتر لە 10 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 183.20 دۆلار.
 
وەکو پێشبینیش دەکرا، فرۆشی ئایفۆن بەهۆی گوشارەکانی چین و رکابەرییەکانی هواوییەوە 10% کەمبووەتەوە.