ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە: ئیسرائیل لە تۆڵەسەندنەوە پەشیمان دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هۆشداری بە ئیسرائیل دا کە ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوا تاران بە تووندی وەڵامی دەداتەوە و لە هێرشەکە "پەشیمان"ی دەکاتەوە.
ئێران 13ی ئەم مانگە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئێران راستەوخۆ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە تۆڵەی هێرشی ئاسمانیی سەر کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشق کە تێیدا حەوت پاسدار کوژران، لە نێویاندا دوو فەرماندەی باڵا.
هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زیانێکی ئەوتۆی نەبوو و نزیکەی هەموو درۆن و مووشەکەکان بە ئاسمانەوە تەقێنرانەوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان رۆژی پێنجشەممە لە ئەنجوومەنی ئاساییش گوتی: "رێکارەکانی بەرگری و بەرپەرچدانەوەی رەوای ئێران تەواو بوون. بۆیە پێویستە رژێمی تیرۆرستیی ئیسرائیل ناچاربکرێت هەموو سەرکەشییەکی دیکەی سەربازی لە دژی بەرژەوەندییەکانمان بوەستێنێت."
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەروەها گوتی: "ئەگەر هەر جۆرە هێزێک لە لایەن رژێمی ئیسرائیلییەوە بەکاربهێنرێت و سەروەریمان پێشێلبکرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران دوودڵ نابێت لە بەکارهێنانی مافی سروشتیی خۆی بۆ ئەوەی وڵامێکی گونجاو و بەهێزی بداتەوە، بۆ ئەوەی رژێم لە کارەکانی پەشیمان بکاتەوە."
بەرپرسانی ئیسرائیل نەیانگوتووە کەی و لە کوێوە وەڵامی ئێران دەدەنەوە، بەڵام وەزیری بەرگریی بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی داوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی، ئەوەی ئێران کردی، "سنووردار و بەرابەر" بوو، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران "زۆر دانی بەخۆدا گرت، بەڵام هیچ بژاردەیەک" نەبوو جگە لە وەڵامدانەوەی هێرشی سەر کۆنسوڵخانەکەی.