ترەمپ و پووتین ئەمڕۆ جەنگی ئۆکراینا تاوتوێ دەکەن

دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین، وێنە: ئورشیڤ
رووداو  دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن قسە بکەن؛ ئەمە بە هەنگاوێکی چارەنووسساز بۆ وەستاندنی شەڕی ئۆکرانیا دادەنرێت، کە ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە. 
 
هەردوولا، گەشبینیی خۆیان سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتن و مۆسکۆ دەربڕیوە، بەڵام هاوڕابوون کە تەنیا پەیوەندییەکی ئاستی باڵا، دەتوانێت ئاڵۆزترین خاڵەکانی ئاگربەستێکی 30 رۆژە چارەسەر بکات.
 
ئۆکرانیا بە ئاگربەستەکە رازی بووە، بەڵام کیێڤ و ئەورووپا گومانیان هەیە لەوەی پووتین خاوەخاو بکات و پرسیار دەکەن؛ 'ئایا ترەمپ ئامادەیە گوشار لە سەرکردەیەک بکات، کە پێدەچێت بەنیازی ئەوە بێت پەیوەندییەکانی لەگەڵدا ئاسایی بکاتەوە؟' 
 
ترەمپ رۆژی دووشەممە گوتی "بڕیارە پەیوەندییەکی زۆر گرنگمان (لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین) هەبێت. ئێمە دەگەینە قۆناخێکی زۆر گرنگ." 
 
دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیدا (ترووس سۆشیاڵ)، ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، "رێککەوتن لەسەر زۆر خاڵی رێککەوتننامەی کۆتایی، کراوە." 
 
گوتیشی "زۆر ئومێدم بەو پەیوەندییە لەگەڵ سەرۆک پووتین هەیە."
 
پووتین هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو؛ لایەنگری ئاگربەستە، بەڵام هۆشداریشی دا لەوەی "پرسیاری جیدی" سەبارەت بە چۆنیێتیی جێبەجێکردنی هەیە.
 
لە کاتێکدا مۆسکۆ بەشێکی باشوور و رۆژهەڵاتی ئۆکرانیای کۆنترۆڵکردووە، بەرپرسانی ئەمریکا بە روونی رایانگەیاندووە؛ پێدەچێت ئۆکراینا لە هەر رێککەوتنێکدا ناچار بێت بەشێکی خاکی وڵاتەکەی بەدەستەوە بدات.
 
ترەمپ، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەو و پووتین باسی "دابەشکردنی هەندێک شت" دەکەن، لەوانە زەوی و وێستگەکانی کارەبا.