ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ رووداو: پێویستە دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا بنێین
رووداو دیجیتاڵ
ئانا پاولینا، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، پشتیوانی هێزەکانیان لە دەرەوەی وڵات دەکەن و دەشڵێت، "پێویستە ئەمریکا دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا بنێت".
ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمریکا بە دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە واشنتنی گوت، "لەبەرئەوەی کورد پشتیوانمان بوون، پێویستە شتێک بڵێین. بێدەنگبوونمان کێشەیە. من پشتیوانی لە گەڕاندنەوەی هێزەکانمان دەکەم، بەڵام بەڵێنێکمان بە کورد داوە و پێویستە کارەکە بە شێوەیەکی دروست بکەین".
ئانا پاوڵینا، ئەندامێکی پارتی کۆمارییە لە کۆنگرێسی ئەمریکا. ئەو قسانەی لەکاتێکدا کرد کە شەوی 15 لەسەر 16ی ئەم مانگە، ئێران بە مووشەک هێرشیکردە سەر هەولێر و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
ئانا پاوڵینا بە دەق گوتی، "ئێمە پشتیوانی لە هێزەکانمان لە دەرەوەی وڵات دەکەین. هەروەها پێم وایە دەبێت ئەمریکا پابەندبێت بە رێککەوتنەکەمانەوە و وەک وڵاتێکی سەربەخۆ دان بە نەتەوەی کورددا بنێت. دەزانم کە زۆر راڕایی لەسەر ئەوە هەبووە. بەڵام لەبەر ئەو شتانەی لەوێ روویانداوە، بە تایبەتی کە کورد زۆر پشتیوانی لە ئەمریکا کردووە، دەبێت ئێمە شتێک بڵێین. پێویستە شتێک بڵێین، چونکە بێدەنگبوونمان کێشەیە. ئێمە خۆشمان کێشەمان لەگەڵ ئیران هەیە. ئەوەی ئێستاش دەیبینین بریتییە لە دروستبوونی لەتبوونێکی گەورە لە نێو پارتەکەماندا لەسەر ئەوەی کە پێویستە هێزەکانمان بگەڕێنینەوە و سەرنجمان لەسەر پرسە نێوخۆییەکانمان بێت. من پشتیوانی ئەوەم کردووە، بەڵام دووبارە پێزانینمان هەیە بۆ هەموو ئەو شتانەی کە کوردەکان دەیکەن. من بە گشتی پشتیوانی لە گەڕاندنەوەی هێزەکانمان دەکەم، بەڵام ئێمە بەڵێنێکمان بە کورد داوە و پێم وایە دەبێت کارەکە بە شێوەیەکی دروست بکەین."
لە هێرشەکەی سەر هەولێر، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکە بریندار بوون. یەکێک لەوانەی گیانیان لەدەستدا بازرگانێکی ناسراو بوو بەناوی پێشڕەو دزەیی.
ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی ئەو هێرشەوە دەڵێت، شانبەشانی کوردەکان دەوەستنەوە.
دێریک ڤان ئۆردن، ئەندامی کۆماریی کۆنگرێس بە رووداوی گوت، "پێم وایە ئەوە زۆر خراپە. بەڕێز بارزانی و کوردەکان ماوەیەکی زۆرە هاوپەیمانمانن و هاوپەیمانی سەرسەختیش بوون. زۆر سەربەرزم بەوەی کاتێک لە عێراق لە هێزی دەریاییدا بووم، لەگەڵ ئەوان خزمەتم کرد. پێویستە خەڵکی کورد لەوە تێبگات کە ئێمە شانبەشانیان دەوەستینەوە و زۆر سوپاسی هاوکارییان دەکەین. زۆر سوپاسگوزاریانم لە بەرامبەر ئاگاداربوونیان لە خوشک و برایانم لە نێو سوپادا. ئێمەش لەگەڵیان دەمێنینەوە دژی ئەو رژێمە تیرۆریستییەی لە تارانە، واتە ئێران".
ئێران هێرشەکانی بە مووشەکی دوورهاوێژ کرد، ئەو شەوە 11 مووشەکی بە ئاراستەی هەولێر تەقاند، جگە لە ماڵی بازرگانەکە، بەر چەند شوێنێکی دیکەش کەوتبوون، بەڵام لەو شوێنانە زیانی گیانییان بەدواوە نەبوو.
دۆناڵد بایەر، ئەندامی پارتی دیموکرات لە کۆنگرێس لەبارەی ئێرانەوە دەڵێت، "ئێران خەریکی تێكدەرییە لە سەرانسەری جیهان".
ئەو بە دەق گوتی، "پێم وایە شتێکی زۆر خراپە کە ئێرانییەکان هێرش دەکەنە سەر کورد، ئینجا ئەوانەی لە عێراق دەژین یان هەر شوێنێکی دیکە. هێزە کوردییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ هاوبەشی نایابی ئەمریکا بوون. بێگومان ئەوان زۆر گرنگ بوون لە شەڕی دژی داعش، بەڵام ئێران خەریکی تێكدەرییە لە سەرانسەری جیهان، لەگەڵ حەماس، حیزبوڵلا و حووسیەکانیش لە یەمەن. زۆر دڵگرانم بە بیستنی هەواڵی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خەڵکی کورد".
لە دوو رۆژی رابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس چاوی کەوت بە هەریەک لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەیک سوڵیڤان، راویژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.
دوێنێ سێشەممە، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە داڤۆس، مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەتەوە. نووسینگەی مەسرور بارزانی باسی لەوە کردبوو، بلینکن لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێرەوە رایگەیاندووە، "ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدن ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بە جیدی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەدەن".
هەروەها بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ هەرێمی کوردستان، "جەختی کردەوە کە لەگەڵ سەرۆک جۆ بایدن، تاوتوێی رێکارەکانی پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان دەکات".