زیلینسکی بۆ هاوپەیمانانی: دەستبەجێ هاوکاریی زیاترمان بکەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا داوا لە هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەی دەکات، "دەستبەجێ" هاوکاریی زیاتری سەربازی بۆ سەربازانی وڵاتەکەی دابین بکەن. 
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە برۆکسل لەگەڵ هەریەکە لە دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ و چەندین سەرکردەی دیکەی ئەورووپی کۆبووەوە. 
 
زیلینسکی ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ هەریەکە لەو سەرکردانە گفتوگۆیان کردووە دەربارەی ئەوەی "چۆن دەستبەجێ لە بەرەکانی شەڕ، سیاسی و جیۆسیاسی یارمەتی بە‌‌‌هێزکردنی ئۆکراینا بدەن."
 
ئەو گوتانەی زیلینسکی لەکاتێکدایە، سەربازانی ئۆکراینا ماندوون و ئێستاش رووبەڕووی هێرشێکی چڕی رووسەکان بوونەتەوە، بەتایبەت لە بەرەی رۆژهەڵاتی هەرێمی دۆنێتسک. 
 
سوپای رووسیا هەر ئەمڕۆ رایگەیاند، گوندێکی دیکەیان لە هەرێمی دۆنێتسک کۆنتڕۆڵ کردووە. 
 
ئۆلێکساندەر سیریسکی، سوپاسالاری ئۆکراینا رایگەیاند، سەربازانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کورسکی رووسیاش رووبەڕووی هێرشێکی چڕی سوپای رووسیا بوونەتەوە. 
 
لە ئابی ئەم ساڵەوە، ئۆکراینا بەشێک لە هەرێمی کورسکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە و شوێنپێی خۆی لەو هەرێمەی رووسیا قایم کردووە. 
 
هەردوو لایەنی رووسیا و ئۆکراینا دەیانەوێت پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە فەرمیی دەستبەکاربێت، لە بەرەکانی جەنگ پێگەی خۆیان بەهێزتر بکەن. 
 
ترەمپ لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی رایگەیاند، 24 کاژێر دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، شەڕی ئۆکراینا دەوەستێنێت، ئەوەش ترسی ئەوەی لەلای ئۆکراینییەکان دروست کردووە کە رەنگە ترەمپ گوشارییان لێبکات بە مەرجەکانی رووسیا رازی ببن.
 
زیلینسکی لەبارەی وەستانی جەنگەکە دەڵێت، "ئێمە هەموومان لە ئەورووپا دەمانەوێت نەک تەنیا شەڕەکە بوەستێندرێت، بەڵکو ئاشتییەکی راستەقینە بێتە ئاراوە."
 
هەروەها سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداش گوتی، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی لە گفتوگۆی ئاشتیدا، ئۆکراینا لەبەرامبەر رووسیا خۆی بەدەستەوە بدات. 
 
پۆڵەندا کە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە بە یەکێک لە پاڵپشتیکەرە سەرسەختەکانی ئۆکراینا دادەندرێت و زۆربەی ئەو هاوکارییە لۆجیستیکییەی بۆ ئۆکراینا دەنێردرێت، بە پۆڵەندا تێدەپەڕێت. 
 
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکرد و رووسیا بەرەوپێشچوونێکی زۆری لە چەندین ناوچە بەدەستهێنا و ئێستاش نزیکەی 20٪ـی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆل کردووە. 
 
سوپای رووسیا پێگەی خۆی لە هەرێمەکانی خێرسۆن، زاپۆرۆژییا، دۆنێتسک و لوهانسکدا جێگیرکردووە.