دوای 20 ساڵ نامەیەکی بن لادن دەبێتەوە رۆژەڤی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر ئەو نامەیەدا تێپەڕیوە کە ئوسامە بن لادن، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی قاعیدە ئاراستەی ئەمریکای کردبوو، تێیدا باسی لە هۆکاری هێرشکردنە سەر تاوەرەکانی سەنتەری بازرگانیی جیهانی لە 11ی ئەیلوولی 2001 کردبوو.
وێڕای تێپەڕینی ئەو هەموو کاتە، نامەکە کەوتووەتەوە بەر باس و بووەتە رۆژەڤی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە دیاریکراویش لەسەر تیکتۆک، ئەوەش بەهۆی هێرشە خوێناوییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
لەو نامەیەدا، بن لادن باسی لەوە کردبوو، بەهۆی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دژی فەلەستینییەکان، قاعیدە بڕیاریدابوو هێرشی بکاتە سەر.
دوای بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی نامەکە، کە خەڵکی زیاتر سکرینشۆتی نامەکەی بن لادنیان لە ماڵپەڕی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیەوە دەکرد و بڵاودەکردەوە، ئەو رۆژنامەیە نێوەڕۆکی نامەکەی لە ماڵپەڕی خۆی لابرد و ئاماژەی بە سڕینەوەی بابەتەکەش کردووە.
هەروەها تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک هاشتاگی lettertoamerica# لەسەر پلاتفۆرمەکەی لادا. ئێستا زۆرتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاودەکرێتەوە.
هێرشی 11ـی ئەیلوول (11ـی سێپتێمبەر) بووە هۆی کوژرانی نزیکەی سێ هەزار کەس.