سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: ئێستا کاتی سەری مارەکەیە

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی پێنجشەممە، 17-10-2024، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "دوای نەمانی سەرکردە تینوو بەخوێنەکانی حەماس و حیزبوڵڵا، کاتی ئەوەیە ئیدارەی بایدن-هاریس هاوشانی ئیسرائیل کاربکەن بۆ ئەوەی زۆرترین گوشار لە دژی سەری مارەکە، ئێران بکەن."
 
جۆنسن گوتیشی، دووبارە دادپەروەری لەلایەن ژن و پیاوە ئازاکانی سوپای ئیسرائیل بەدیهات؛ "یەحیا سنوار، ئەو کەسە شەڕەنگێز و قێزەونەی کە پلانی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری دانا، کوژرا."
 
جۆنسنی کۆماری گوتی: "هێشتا کوژرانی ئەو پیاوە کۆتایی جەنگی ئیسرائیل نییە. با ئەوە ببێتە هۆشدارییەک بۆ حەماس و هەموو ئەوانەی لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر تێوەگلابوون، لەوانەیە ئێوە بتوانن تیرۆر و هەڕەشە بکەن، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت بە ئازادی بژین، هەرگیز خۆیان رادەست ناکەن."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل کوژرانی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسی راگەیاند. سوپای ئیسرائیل گوتی، لە هێرشێکی دوێنێی سەر باڵەخانەیەکی شاری رەفەح لە غەززە، "سێ تیرۆریست" کوژران. سەرەتا سوپای ئیسرائیل گومانی لە پشتڕاستکردنەوەی تەرمی سنوار هەبوو، تاوەکو پشکنینی ددان و پەنجەمۆریان بۆ کرد و پشتڕاستیان کردەوە.
 
دوای کوژرانی سنوار، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەمڕۆ سەلماندمان ئەوانەی شەڕمان لە دژ بکەن چییان بەسەر دێت، ئاڵنگارییەکانی بەردەممان زۆرن و شەڕ هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە. حەماس چیدیکە ناتوانێت حوکمی غەززە بکات. ئێستا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەرفەتی ئەوەی لە پێشە میحوەری خراپەکاری رابگرێت و روو لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بکات."
 
یەحیا سنوار لە ساڵی 1962 لە کەمپی خان یونس لەدایکبوو. خێزانەکەی لە شەڕی (عەرەب و ئیسرائیل)دا لە ساڵی 1948 لە ئەلمەجدال عەسقەلان دەرکراون یان ھەڵاتوون. یەکێک بوو لە ھاودامەزرێنەرانی دەزگای ئەمنیی حەماس. ساڵی 2011 ژیانی هاوژینی پێکهێنا و کوڕێکی هەیە بە ناوی ئیبراهیم.
 
خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەکانی سەر بە دەزگای پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA) تەواو کرد، بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە خوێند، ساڵی 2017 بە سەرۆکی حەماس لە کەرتی ‌‌غەززە دەستنیشانکرا، کە دەیکردە کەسی دووەم، واتە لە دوای ئیسماعیل هەنییە.
 
سنوار، چەند جارێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا. لە ساڵی 1982 کاتێک تەمەنی 20 ساڵ بوو، بۆ یەکەم جار دەستگیر کرا. دوای شەش مانگ ئازاد کرا. لە ساڵی 1985 جارێکی دیکە دەستگیرکرا و ئەم جارە هەشت مانگ لە زیندان مایەوە. لە ساڵی 1988 جارێکی دەستگیرکرایەوە و بە 426 ساڵ زیندانیکردن سزادرا. لە 2011 لەگەڵ زیاتر لە هەزار کەسی دیکە لە رێککەوتنێکی تایبەتدا ئازادکرا.