کرێملن لەبارەی قەدەخەکردنی سەکۆکانی مێتا لە رووسیا: شایەنی قبووڵکردن نییە
رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، کۆمپانیای مێتای ئەمریکی کە خاوەنی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئەپە رایگەیاند، هەموو سەکۆیەکانی لە دەزگا میدیاییەکانی رووسیا قەدەخە دەکات. مۆسکۆ دەڵێت، ئەوە "شایەنی قبووڵکردن نییە".
قەدەخەکردنەکە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا کەناڵی RTی فەرمیی رووسیا و کارمەندەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی 10 ملیۆن دۆلاریان بە ناوی کۆمپانیای وەهمییەوە لە تیکتۆک، ئینستاگرام، ئێکس و یووتیووب خەرجکردووە بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندیی ئەجێندای رووسیادا رای گشتیی وڵاتان دەستەمۆ بکەن.
مێتا دەڵێت، "دوای پێداچوونەوەیەکی هۆشیارانە، رێکارە بەردەوامەکانی خۆمان دژی دەزگا میدیاییەکانی رووسیا زیادکرد. رەشیا سێگۆدنیا، RT و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە ئێستا لە سەرانسەری جیهان لە ئەپەکانمان قەدەخەکراون."
کرێملن سەرکۆنەی قەدەخەکردنی میدیاکانی کرد و گوتی، "شیاوی قبووڵکردن نییە."
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رۆژی سێشەممە گوتی، "بەم کارە، مێتا متمانەی بۆ خۆی نەهێشتەوە. ئەم جۆرە کارانە دژی میدیای رووسیا شیاوی قبووڵکردن نین".
دوای ئەوەی رووسیا لە شوباتی 2022دا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، RT لە بەریتانیا، کەنەدا، یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا ناچارکرا کارە فەرمییەکانی بووەستێنێت.
داواکارە یاساییەکانی ئەمریکا باسیان لە قسەیەکی سەرنووسەری RT کرد کە گوایە گوتوویەتی، "ئیمپراتۆریەتێکی پڕۆژەی نهێنی"یان دروستکردووە بۆ ئەوەی کاریگەری بخەنە سەر رای گشتیی وڵاتانی رۆژئاوا.
یەکێک لەو پڕۆژە نهێنیانە، پارەدارکردن و بەڕێوەبردنی کۆمپانیایەکی ویلایەتیی تێنیسیی ئەمریکا بوو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرژەوەندیی رووسیادا بابەتەکانی بڵاوکردبووەوە.
زۆربەی ئەو پڕۆژە نهێنیانەی کە کۆمپانیای مێتا دەڵێت، شکستیپێهێناون، لە لایەن رووسیاوە بەڕێوەبردراون، لەوانەش بۆ مەبەستی گۆڕینی تێڕوانینی رای گشتی بۆ شەڕی ئۆکراینا.
ئەم مانگە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتەکانی دیکەی سەرانسەری جیهان لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی لە بارەی RT هۆشدارییان پێبدات لەوەی گوایە لە لایەن رووسیاوە بەکاردەهێنرێت تاوەکو کاریگەریی خۆی بخاتە سەر وڵاتانی دیکە.