ئابڕووچوونێکی دیپلۆماسی بۆ پۆڵەندا؛ کۆنسوڵەکانی لە ئاسیا و ئەفریقا بە پارە ڤیزەیان فرۆشتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی فەرمانڕەوای پۆڵەندا، کە زۆر دژایەتیی کۆچبەران دەکات، تووشی ئابڕووچوونێکی گەورە بووە؛ بەگوێرەی میدیای ئەو وڵاتە، کۆنسوڵەکانی پۆڵەندا کە سەر بەو پارتەن، لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا، بە بەرتیل ڤیزەیان بۆ کۆچبەران دەرکردووە بۆئەوەی گەشت بکەن بۆ پۆڵەندا و لەوێشەوە بچنە ئەمریکا یان وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا.
 
پێش ئەم ئابڕووچوونە سیاسی و دیپلۆماسییە، پارتەکە هیوای وابوو بە بەرزکردنەوەی دروشمی رێگریکردن لە رۆیشتنی کۆچبەران بۆ پۆڵەندا، دەنگ کۆبکاتەوە؛ بەڵام ئێستا پارتەکە لەکارلادان، دەستگیرکردن و تەنانەت هەوڵی خۆکوشتنیشی تێکەوتووە.
 
(یاسا و دادوەری) ناوی پارتی فەرمانڕەوای پۆڵەندایە، بەڵام کەوتووەتە ئابڕووچوونێکی گەورەی پێشێلکردنی یاساوە. تۆمەتەکە ئەوەیە، باڵیۆز و کۆنسوڵەکانی پۆڵەندا لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا، بە بەرتیل ڤیزەی شنگنیان بە هاووڵاتییانی وڵاتانی ئەو دوو کیشوەرە داوە بۆ ئەوەی خۆیان بگەیێننە ئەوروپا و بەشێکیشیان لەوێوە لە رێگەی مەکسیکەوە چوونەتە ئەمریکا.
 
یان گرابیێج، گوتەبێژی هاوپەیمانیی سڤیلی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێت، "سیاسەتمەدارەکانی پارتی یاسا و دادپەروەری بە هەموو توانایەکیانەوە هەوڵدەدەن ئابڕووچوونەکەیان پەردەپۆش بکەن و درۆ بکەن. 250 هەزار ڤیزەیان لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا داوەتە هاووڵاتییانی ئەفریقا و ئاسیا."
 
ئەم ئابڕووچوونە بۆ پارتی فەرمانڕەوای پۆڵەندا لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کە لە 15ی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت.
 
پارتەکە کەوتووەتە خۆی بۆئەوەی ناوبانگە خراپەکەی چاک بکاتەوە؛ تاوەکو ئێستا حکومەت حەوت تۆمەتی گەندەڵیی ئاراستەی حەوت لە ئەندامەکانی خۆی کردووە و سێ لەوانەی دەستگیر کردووە. ئۆپۆزیسیۆنیش دەڵێت، حکومەتەکەی پارتی یاسا و دادوەری، "دووڕوو و گەندەڵە" و کاتی گۆڕینی هاتووە.
 
داریۆژ یۆنسکی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی ئاماژە بەوە دەکات، "هەموومان دەزانین کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئابڕووچوونێکی زەبەلاحی گەندەڵی دەکەین. چارەکە ملیۆنێک پەناخواز و کۆچبەری ئابووری لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیاوە بێ هیچ کۆنترۆڵێک هاتوونە وڵاتەکەمان."
 
بەهۆی ئابڕووچوونەکە، پیۆتر ڤاڤرژیک، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری کۆنسوڵگەری، 31ی ئاب لە پۆستەکەی دوورخرایەوە؛ دواتر میدیای پۆڵەندا بڵاویکردەوە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
 
پارتی یاسا و دادپەروەری، تەنیا پشتیوانی لە وەرگرتنی پەنابەرانی سپیپێستی کریستیان دەکات و دژی وەرگرتنی کۆچبەرانی موسڵمان و نەتەوە و ئایینەکانی دیکەیە، چونکە سەرکردەکانی پێیان وایە، پێکهاتەی کۆمەڵگەکەیان دەشێوێنن.
 
ساڵی 2015، پارتەکە بەو دژایەتیکردنە خۆی گەیاندە حکومەت و لە ماوەی رابردوودا پەرژینێکی ئاسنی بە درێژایی سنووری بێلاڕووس داچەقاند بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران.