چی لەپشت لێشاوی ئەمدواییەی کۆچبەرانە بۆ ئیتاڵیا؟
رووداو دیجیتاڵ
هەزاران کۆچبەر و پەناخواز چەند رۆژێکە لە دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیا گیرساونەتەوە، دوای ئەوەی بە بەلەمی بچووکی نالەبار لە تونس و لیبیاوە دەریای نێوەڕاستیان بڕی. ژمارەکەیان هێندە زۆرە کە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆیان لە توانای دامودەزگا نێوخۆیی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا نەماوە.
دروستبوونی پشێوی لە ناوەندەکانی قەرەباڵخی پێشوازیکردن لە کۆچبەران لە لامپێدوسا، تووڕەیی خەڵکی ئیتاڵیای لێکەوتەوە. بەشێکیان پەنجەی تۆمەت بۆ قاچاخچییەکان و جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان، یەکێتیی ئەوروپا و تونسیش درێژ دەکەن.
چەند کۆچبەر گەیشتوون؟
لە دووشەممەی رابردووەوە، زیاتر لە 8500 کۆچبەر بە زیاتر لە 120 بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە لامپێدوسا و لە یەک کاتیشدا 7000 کەس برانە ناوەندی پێشوازیکردن لە کۆچبەران، کە ئەوە دەکاتە 15 هێندەی توانستی ناوەندەکە، چونکە بۆ لەخۆگرتنی تەنیا 400 کەس دروستکراوە؛ هەروەها ئەو ژمارەیە زیاترە لە دانیشتووانی تەواوی دوورگەکە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، ئەمساڵ زیاتر لە 127 هەزار کۆچبەر لەڕێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، کە نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
لامپێدوسا کە بەراورد بە خاکی سەرەکیی ئیتاڵیا، لە باکووری ئەفریقا نزیکترە، لەمێژە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە کۆچبەری بۆ دەگوازرێتەوە. فلاڤیۆ دی جیاکۆمۆ، گوتەبێژی نووسینگەی دەریای نێوەڕاستی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ئێستا تونس شوێنی سەرەکیی بەڕێکەوتنە بەرەو ئەوروپا، نزیکەی 70%ی هەموو ئەو کۆچبەرانە دەگەنە ئیتاڵیا، دەڕۆن بۆ دوورگەی لامپێدوسا.
پێشتر ئەوروپا مامەڵەی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر زیاتری گەیشتووانی رۆژانەدا دەکرد، لەوانەش لە کاتی قەیرانی کۆچبەرانی ساڵی 2015 و 2016 و دوایین جاریش دوای لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بەڵام دی جیاکۆمۆ ئاماژەی بەوە کرد، رۆیشتنی یەک لە دوای یەکی کۆچبەران بۆ ئەو دوورگە بچووکە لە ماوەیەکی کورتدا دۆخەکەی قورس کردووە.
ئەو کۆچبەرانەی تازە دەگەن، وردە وردە دەگوازرێنەوە بۆ خاکی سەرەکیی ئیتاڵیا، لەوێش بەدواداچوون بۆ داواکاریی مافی پەناخوازییان دەکرێت. زۆریان هیواخوازن بەردەوام بن لە گەشتەکەیان بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بۆ ئەوەی کارێک بدۆزنەوە یان لەگەڵ کەسوکاریان یەکبگرنەوە.
ئەو خەڵکەی دەگەن کێن؟
لەناو ئەو بەلەمانەی لە تونسەوە دەگەنە شاری لامپێدوسا، هاووڵاتییانی وڵاتانی جۆراوجۆری ئەفریقا هەن، لەوانە کۆتدیڤوار، گینیا، کامێرون، بورکینافاسۆ، مالی و هەروەها خودی تونسییەکان. زۆربەیان ساڵانێک لە تونس ژیاون و کاریان کردووە پێش ئەوەی بڕیار بدەن بەرەو ئەوروپا بڕۆن.
هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی لە لیبیاوە دەڕۆن بۆ تونس و لەوێوە دەگەنە لامپێدوسا، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەوەش بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لەوانەش هاووڵاتییانی میسر، ئێریتریا و هەروەها لە سوودان، کە ململانێی بەردەوامی نێوان سەرکردە سەربازییە دژبەرەکانی لە مانگی نیسانەوە تائێستا زیاتر لە چوار ملیۆن کەسی ئاوارە و دەربەدەر کردووە.
زۆربەی ئەوانەی سواری بەلەمی قاچاخچییەکان دەبن بۆ ئەوروپا گەنجان و نەوجەوانانی بێ یاوەری خوار تەمەنی یاسایین، هەرچەندە ژن و منداڵیشیان لەگەڵدا دەبینرێن، بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر.
چی لەپشت زیادبوونی لێشاوەکەوەیە؟
شارەزایانی بواری کۆچبەران دەڵێن، زریانی دانیال کە لە دەریای نێوەڕاستەوە هەڵیکردووە، قاچاخچییەکانی شاری سفاقسی کەناردەریای تونس و دەوروبەری ناچارکرد بۆ چەند رۆژێک کارەکانیان رابگرن. هەر کە کەشوهەوا باشتر بوو، زیاتر لە 100 بەلەمی بچووکی ئاسنیان لە کەناراوەکانی تونسەوە کە هەر یەکیان لە نێوان 30 بۆ 40 کەسیان تێدابوون، بەڕێکردن.
کریس بۆرۆڤسکی، بەرپرسی راگەیاندنی ئاژانسی پاسەوانیی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپا کە بە فرۆنتێکس ناسراوە، دەڵێت، ناردنی کۆچبەران بەو ژمارەیە زۆرەوە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە "هەروەها رێگەیەکە بۆ دڵنیابوون لەوەی خەڵکێکی زیاتر بەنێو تۆڕەکەدا تێدەپەڕن و سیستەمەکە دەبەزێنن."
هەروەها کۆتایی هاوین وایکردووە کە قاچاخچییەکان پەلە لە ناردنی بەلەمەکان بکەن، لە کاتێکدا کۆچبەران پێش کەشوهەوای سەختی پایز و زستان چانسی خۆیان تاقیدەکەنەوە.
بەڵام هۆکاری بنەڕەتی دیکەش هەن. دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە تونس لەگەڵ هەڵاوسانی بەرز و نەبوونی هەلی کار لەسەر یەکدی کەڵەکە بوون، ئەمەش تونسییەکان و ئەو بیانانەشی لەوێ دەژین، خستوونەتە ژێر گوشارێکی تووندەوە.
هەروەها زیادبوونی دژایەتیکردنی کۆچبەران لە تونس کە بەهۆی لێدوانەکانی قەیس سعەیید، سەرۆکی وڵاتەکە لە سەرەتای ئەمساڵدا، بەتایبەتی دژی خەڵکی خوار بیابانی گەورەی ئەفریقا، پاڵی بە کۆچبەرانەوە ناوە زووتر کۆچبکەن.
دی جیاکۆمۆ گوتی، "زۆریان لە تونس دەژیان و بوونە قوربانیی جیاکاری نەژادی، بۆیە هەڵاتن."
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دامودەزگاکانی لیبیا و خودی کۆچبەران، مانگی تەممووزی ئەمساڵ سەدان کۆچبەر و پەنابەری رەشپێستیان کۆکردنەوە و گواستنیانەوە بۆ سنوورە بیابانییەکان کە دەیان کەسییان لەوێ گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا منداڵ.
بەڵام هێشتا نەدەبوو ژمارەی زۆری گەشتیاران بۆ بەرپرسانی ئیتاڵیا جێگەی سەرسوڕمان بێت.
تەسنیم عەبدولڕەحیم، توێژەری تونسی لە رێکخراوی دەستپێشخەریی جیهانی دژی تاوانە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کە بە کورتکراوەی GI-TOC ناسراوە، دەڵێت: "هەموو پێوەرەکان لە تونس و ناوچەکە نیشانیان دەدا کە زیادبوونی گەیشتنی کۆچبەران بەردەوام دەبێت".
رێککەوتنەکەی تونس و یەکێتیی ئەوروپا چی لێ هات؟
لەگەڵ زیادبوونی پەڕینەوەی کۆچبەران لە تونسەوە، میلۆنی و ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا ئەمساڵ چەندین سەردانیان بۆ وڵاتەکەی باکووری ئەفریقا کرد، بۆ بەدیهێنانی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە، کە ئامانجی سەرەکی لێی، وەستاندنی کۆچبەران بوو.
لە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن کە لە 16ی تەمموز واژۆکرا، یەکێتیی ئەوروپا راگەیاند، 105 ملیۆن یۆرۆ (112 ملیۆن دۆلار) بە تونس دەدات بۆ ئەوەی سنوورەکانی لەسەر کۆچبەران تووند بکات و رێگەیان پێ نەدات بەرەو ئەوروپا بکەونەڕێ.
هەروەها 600 ملیۆن یۆرۆی دیکەشی تەرخانکرد بۆ پشتیوانیکردن لە ئابووریی تونس، کە هێشتا زووە بزانین ئایا ئەو پڕۆژانە کە هێشتا جێبەجێ نەکراون، کاریگەر دەبن لە کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی یان نا.
عەبدولڕەحیم دەڵێت تائێستا "دۆخەکە تەنیا خراپتر بووە".
هەروەها تونس هەندێ کاری لەپێشینەی لە بەردەمدایە کە دژبەیەکن. لە لایەکەوە ئابوورییە داڕماوەکەی پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە. لە لایەکی دیکەوە سعەیید رایگەیاندووە کە نایەوێت تونس ببێتە پاسەوانی سنووری ئەوروپا.
عەبدولڕەحیم دەڵێت، "شتێکی راستبینانە نابێت ئەگەر چاوەڕێی ئەوە بین تونس بە تەواوی رێگری لە رۆشتنی کۆچبەران بکات. تەنانەت ئەگەر بیانەوێت واش بکەن، توانای تونس سنووردارە نەک تەنیا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران، بەڵکو هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو تەرمانەی لە کەناراوەکان دەکەون و ساردخانەکانی هەڵگرتنی تەرمیان پڕکردووە.
هەندێک لە سیاسەتمەداران تونسیان تۆمەتبار کردووە بەوەی بە ئەنقەست رێگەی بە قاچاخچییەکان داوە بەلەمی زیاتر و زیاتر بەڕێبکەن بۆ ئەوەی لە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەوروپادا دەستی باڵایان هەبێت. بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نەخراوەتەڕوو.
دۆخەکە بە هەر رەنگێک بێت، شارەزایان پێیانوایە ناکرێت قاچاخچییەکان تێبینی نەکرێن لە کاتێکدا لە شوێنی دروستکردنی کەشتیەکاندا، دەیان بەلەمی ئاسن دروستدەکەن و دواتر دەیانگوازنەوە بۆ کەناراوەکانی سفاقس.
کۆچبەران 1500 بۆ 5000 دیناری تونسی (نزیکەی 500-1600 دۆلار) دەدەنە قاچاخچییەکان بۆ ئەوەی شوێنێکیان لە بەلەمە نالەبارە مەترسیدارەکاندا بۆ بکەنەوە. بەڵام سەرەڕای مەترسییەکان، خواست لە زیادبووندایە، تەنیاش بۆ ئیتاڵیا نییە. ئیسپانیا و یۆنانیش لەمساڵدا ژمارەیەکی زیاتری کۆچبەرانیان بەخۆوە بینیوە.
سەرەڕای تووندبوونی سیاسەتی کۆچی ئەوروپا و باشترکردنی تەکنەلۆجیای چاودێری، تۆڕی قاچاخچییەکان لە سەرانسەری دەریای نێوەڕاستدا سەلماندوویانە دەتوانن بە خێرایی خۆیان بگونجێنن و بەربەستەکان ببەزێنن.