بوومەلەرزەیەکی بەهێز کەناراوەکانی رووسیای هەژاند و مەترسیی سوونامی هەیە

رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە کەناراوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی رووسیای دا، دەزگای چاودێریی جیۆلۆجیی ئەمریکا هۆشداری دروستبوونی سوونامی لەو ناوچە رووسییە دەدات. 
 
بە گوێرەی دەزگا ئەمریکییەکە، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 7 پلەی رێختەر و بە قووڵایی 49.6 کیلۆمەتر بووە، چەقەکەی لەنێو دەریادا بووە لە دووریی نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە کەناری نیمچەدوورگەی کاماچاتسکییەوە. 
 
دەزگای چاودێریی سوونامیی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەو ناوچەیە سوونامی دروستبێت، کە بریتییە لە بەرزبوونەوەی شەپۆلەکانی دەریا و دروستبوونی لافاوی گەورە لەسەر وشکانی. 
 
دەزگاکە دەڵێت "ئەگەر هەیە؛ تاوەکو دووریی 300 کیلۆمەتر لە چەقی بوومەلەرزەکە. شەپۆلی مەترسیداری سوونامی بە درێژایی کەناراوەکانی رووسیا دروست بن."
 
دەزگای چاودێریی جیۆلۆجیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، بوومەلەرزەکە لە دووری 100 کیلۆمەترەوە هەستی پێکراوە، هەروەها باس لەوە دەکات برینداربوونی خەڵک بەهۆی بوومەلەرزەکە "ئەگەرێکی لاوازە."
 
دامودەزگە خۆجێیەکانی رووسیا رایانگەیاند، بە درێژایی کەناراوەکان هەست بە بوومەلەرزەکە کراوە و تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوە و فریاکەوتن باڵەخانەکانی ناوچەکە دەپشكنن. 
 
دوای بوومەلەرزە بەهێزەکە، چەند پاشلەرزەیەکی دیکەش لە کاماچاتسکی تۆمارکران. 
 
نیمچە دوورگەکە دەکەوێتە سەر پشتێنێکی بوومەلەرزەیی چالاک کە بە زۆربەی زەریای هێمندا تێدەپەڕێت و بە "ئەڵقەی ئاگرین" دەناسرێت و زیاتر لە 25 گڕکانی هەیە.