نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن گۆڕدرا
رووداو دیجیتاڵ
تریفە عەزیز، لە شوێنی بەیان سامی عەبدولرەحمان وەک نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا دەستنیشان کرا.
رۆژی دووشەممە، 17-07-2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "تریفە عەزیز وەک نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا دەستنیشان کرا."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تریفە عەزیز، لەم دواییانەدا راوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت بووە و پێشتریش بۆ زیاتر لە 25 ساڵ لە ئەرکی جۆراوجۆردا لە ئەمەریکا لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کاری کردووە. هەروەها لە ساڵانی نەوەدەکاندا نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە واشنتن دی سی.
پێشتر بەیان سامی عەبدولرەحمان هەشت ساڵ وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا کاری کردووە، هەروەها ماوەی 10 ساڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە بەریتانیا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کار و پۆستی داهاتووی بەیان سامی، دەڵێت: "بەیان سامی عەبدولڕەحمان وەک راوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت لە هەولێر دەستبەکار دەبێت."
نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رۆژى دووشەممە سەفین دزەیى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەرپەرشتى دەستاودەستکردنى پۆستى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە ئەمریکا لەنێوان بەیان سامى عەبدولرەحمان و تریفە عەزیز کرد.
نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی تریفە عەزیزەوە دەڵێت، "یەکەم هاوڵاتى کوردى-ئەمریکایە کە ئەرکى نوێنەرى حکومەتى هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا وەربگرێت و پێشووتر لە نووسینگەى مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاریکردووە. تریفە عەزیز خاوەنى ئەزموونى زیاتر لە 25 ساڵە لە کاروبارى پەیوەندییە حکومییەکان لە ئەمریکا."