هاتووچۆ لەسەر پردی کریمیا راگیرا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو - باخمووت
هاتووچۆ لەسەر پردی کریچ کە کریمیا بە رووسیاوە دەبەستێتەوە، بەهۆی رووداوێکەوە راگیرا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17-07-2023 ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری ناوچەی بێلگۆرۆدی رۆژئاوای رووسیا رایگەیاند، لەسەر پردی کریچ دۆخێکی "نائاسایی" روویداوە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و منداڵێکیش بریندار بووە.
ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بەوە نەکرد کە رووداوەکە بەهۆی هێرشێکی دەرەکییەوە بووە بۆسەر پردەکە یاخود نا، بەڵام هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە دەنگی تەقینەوە لەنزیک پردەکە بیستراوە.
سێرگی ئەکسیۆنۆڤ، سەرپەرشتیاری نیمچەدوورگەی کریمیا لە تەلەگرام رایگەیاند، "هاتووچۆ لەسەر پردەکەی کریمیا راگیراوە و باری نائاسایی راگەیێندراوە."
ئەکسیۆنۆڤ گوتیشی، "فەرمانگە یاسایی و لایەنە بەرپرسیارەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن و هەنگاوی جیدی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دەنرێت."
گلادکۆڤ لە تەلەگرامەکەی خۆیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە دوو هاوژین بوون و بریندارەکەش کچەکەیانە کە گەنجە.
کریمیا ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆ رووسیا و لە 2014ـەوە خستوویەتیە ژێردەستی خۆی، بەڵام حکومەتی ئۆکراینا دەڵێت، هیچ کات دەستبەرداری نابێت.