زانایەکی کورد کار بۆ ناسا دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

لە بۆشایی ئاسماندا مرۆڤایەتی بەدوای زۆر پرسیاری وەڵامنەدراوەدا دەگەڕێت، بۆ ئەمەش پێویستی بە کەرەستە و ئامێری نوێ و پێشکەوتوو هەیە، هەندێک لەو کەرەستانەی ئێستا لە ئاسمانن بە دەستی کوردێکی دیاسپۆرانشین دروستکراون. 
 
ئەردەشێر رەشیدی کەڵهوڕ، ئەندازیار و زانایەکی کوردە کە بەشدارە لە دیزاین و دروستکردنی پارچەیەکی مووشەکی ئارتێمیس کە ناسا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، رەوانەی بۆشایی ئاسمانی کرد و بڕیارە لە داهاتووشدا مووشەکی دیکەی هاوشێوە بنێرێت.
 
ئەردەشێر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە 70کانی سەدەی رابردوو رووی لە ئەمریکا کردووە و درێژەی بە خوێندنەکەی داوە.
 
ئەردەشێر رەشیدی کەڵهوڕ دەڵێت: "هاتم بۆ ئەمریکا، لە ئەمریکاش چووم بۆ زانکۆی ئێڵینۆی لە شامپەین - ئوربانا، وانەی فیزیا و ئەندازیاری میکانیکم خوێند، نزیکەی 40 ساڵە لە پیشەسازی بۆشایی ئاسمان کاردەکەم و کاری دیزاین دەکەم."
 
نزیکەی 40 ساڵە لە بواری بۆشایی ئاسمان و ئەندازیاری میکانیکی ئەزموونی هەیە و تاوەکو ئێستا لەگەڵ چەندین ئاژانس و کۆمپانیای بەناوبانگی ئەمریکی کاریکردووە، لە نێویاندا ناسا، جاکسا و لاکید مارتن. 
 
لاکید مارتین یەکێکە لەو چوار کۆمپانیایەی کە بەرپرسن لە دروستکردنی مووشەکی ئارتێمیس، کۆمپانیاکەی ئەردەشێریش بەرپرسە لە دروستکردنی ڤاڵڤێک یاخود شێرەیەک کە بۆ کۆنترۆڵکردنی جووڵەی نائاسایی سەری مووشەکەکە واتە ئۆڕاین پێویستە.
 
ئەندازیارە کوردەکە گوتی، "لاکد مارتن پەیوەندییان بەمنەوە کرد و گوتیان پێویستیان بەمنە کە ئەم ڤاڵڤەیان بۆ دروستبکەم، ئەوکاتە من کۆمپانیای خۆم نەبوو، تەنیا راوێژکاربووم، گوتیان هیچ کێشەیەک نییە، ئێمە یارمەتیت دەدەین کۆمپانیای خۆت دروستبکەی، هەر پێویستییەکت هەیە بۆت دابین دەکەین، ناسا و لاکید مارتن یارمەتیان داین کە بتوانین ئەمڕۆ تاقیگەیەک دروستبکەین بۆ ئەو ئامرازەی لاکید مارتن پێویستی پێیەتی." 
 
نەخشی ئەو شێرەیە، وەک ئەردەشێر رەشیدی دەڵێت، "بۆ کۆنترۆڵکردنی پەستانی سەر سیستمی کۆنترۆڵی کاردانەوەی پەستانە کە بۆ پێچکردنەوەی سەری مووشەک لە بۆشایی ئاسمان بەکاردەهێنرێت. پارچەیەکی زۆر بچووکە بە بەراورد بە قورسی و سەختی دروستکردنی، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە توانیوومانە بە سەرکەوتووانە ئەو ڤاڵڤە دروستبکەین، لەگەڵ لاکیدیش گرێبەستمان هەیە تاوەکو ئارتێمیس شەش و حەوت و هەشتیش دروستی بکەین." 
 
''ئەگەر تەواوی گەشتەکە نۆرماڵ بوو، واتە هەمووشت بەشێوەی ئاسایی چووە پێشەوە، پێویستی بە سوود وەرگرتن لەم ڤاڵڤە نییە، چونکە ئەم ڤاڵڤە خۆی بۆ سەلامەتییە، ئەگەر ئارتێمیس لە ئامانجی خۆی دووربکەوێتەوە بەهۆی ئەو پەستانەی سەری، ئەو ڤاڵڤە دەکرێتەوە و پەستانەکە کۆنترۆڵ دەکات و دەیخاتەوە سەر ئەم رێگەیەی کە ئامانجییەتی بۆی بچێت"، وەک ئەندازیارە کوردە دەڵێت. 
 
تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکەی ئەردەشێر ئەم جۆرە ڤاڵڤەی بۆ مووشەکی ئارتێمیس یەک، دوو، سێ، چوار و پێنج دروستکردووە و رادەستی لاکید مارتن و ناسای کردووە، بڕیاریشە لە داهاتوودا بۆ ئارتێمیس شەش، حەوت و هەشتیش هەمان ڤاڵڤ دروستبکات. 
 
ئەردەشێر ئەم کۆمپانیایەی لە ساڵی 2015 تایبەت بە دروستکردنی ئەم ڤاڵڤەی لەسەر داوای کۆمپانیای لاکید و ناسا دروستکردووە، بۆیەش تەنیا دەتوانێت ڤاڵڤەکەی بە ناسا و لاکید بفرۆشێت و بۆی نییە بە ئاژانسەکانی بۆشایی ئاسمانیی دەرەوەی ئەمریکا بفرۆشێت.  
 
ئەردەشێر رەشیدی کەڵهوڕ دەڵێت، "کۆمپانیایەکم بۆ دیزاین و شیکاری دروستکرد، نزیکەی 16 ساڵ لەگەڵ کۆمپانیای دیکە لەبارەی وێستگەی بۆشایی ئاسمان کارمانکردووە، لەگەڵ چەندین کۆمپانیای جیاواز وەک جەی پی ئێڵ و ناسا کارمان کرد، لە ساڵی 2015ش لاکید پەیوەندییان کرد کە پێویستیان بەو پارچەیە هەیە، بۆیە وەک فیزیکی لە ساڵی 2015 ئەو کۆمپانیایەمان دامەزراندووە." 
 
زانا کوردەکە دەڵێت: ''بەپێی یاسای ئەمریکا ئێمە ناتوانین کە پارچە بە ئەوروپا، ژاپۆن، هیندستان یان چین یان شوێنێکی دیکە بفرۆشین، چونکە پارچەیەکی هەستیارە، بەڵام ئەگەر پێویستیان بوو، خودی ئاژانسی ناسا دەتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.''
 
مووشەکی ئارتێمیس لە چەند بەشێک پێکهاتووە، ئۆڕاین سەری مووشەکەکە، سێرڤس مۆجوڵ کە دەکەوێتە خوارەوەی سەری مووشەکەکە، بەشی سەرەکی و دوو مووشەکی بچووکی یاریدەدەر، ئەم بەشانەش هەریەکەیان لەلایەن کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکی دروستدەکرێن و کۆمپانیا گەورەکانیش گرێبەستیان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بچووکی وەک کۆمپانیاکەی ئەردەشێر هەیە. 
 
ئەردەشێر لەلایەن ناساوە بە "مێشکی متمانەپێکراو" ناسراوە، خاوەن چەند داهێنانێکی دیکەی زانستییە لە نێویاندا فڕنی گەرمکردن، ساردکردنەوە و پوختەکردنی ماددەی ئاسنی ئاسایی تاوەکو بتوانرێت لە دروستکردنی مووشەک و فڕۆکەی ئاسایی و جەنگی بەکاربهێندرێت. پەیامیشی بۆ گەنجانی کورد ئەوەیە بەدوای زانست و زانیاریی بکەون.
 
ئەردەشێر رەشیدی کەڵهوڕ دەڵێت: "پەیامم بۆ تەواوی گەنجی کورد ئەوەیە بەدوای زانستی فیزیا و بیرکاریدا بچن، ئەمە زمانێکی نێوان نەتەوەکانە و جیهانییە، هەتا زمانی بۆشایی ئاسمانیشە؛ زانست هەر زانستە لە هەر کوێی جیهاندا بیت، دەتوانیت سوودی لێ وەربگریت."
 
لەسەر ئاستی نێوخۆی کالیۆفۆرنیا بەرپرسانی ئەمریکا و ئەندامانی کۆنگرێس کە نوێنەرایەتیی کالیفۆرنیا دەکەن سەردانی کۆمپانیاکەی ئەردەشێریان کردووە و شانازی پێوەدەکەن؛ هاوکات لەلایەن خودی ناسا و کۆمپانیای لاکید مارتنیش، بەهۆی بەشداربوونی لە دروستکردنی پارچەیەکی مووشەکی ئارتێمیس خەڵاتی تایبەت و رێزلێنانی پێبەخشراوە.