کۆشکی سپی پێشوازی لە بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی عێراق و قەتەر دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی پێشوازی لە سەردانەکەی میری قەتەر بۆ بەغدا و بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی ئەو سەردانە و بەرەوپێشچوونی هاوئاهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات. 
 
رۆژی هەینی 16-06-2023، ئادەم هاج، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکای سەر بە کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکیدا پێشوازی ئەمریکای بۆ سەردانەکەی میری قەتەر بۆ بەغدا دەربڕیوە؛ هاوکات پشتیوانی "بۆ عێراقێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی تەواو" دووپاتکردووەتەوە. 
 
ئەمریکا، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێشوازی لە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو گفتوگۆیانە دەکات بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی هاوئاهەنگی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانی عێراق." 
 
رۆژی پێنجشەممە 15ی حوزەیرانی 2023، تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر سەردانی بەغدای کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لێکرد و لەگەڵیدا کۆبووەوە و گوتی، "چاومان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە لەگەڵ قەتەر." 
 
ئادەم هاج ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمریکا پشتیوانی لە زیادبوونی هاوئاهەنگی نێوان عێراق و کەنداو و وڵاتانی عەرەبی دەکات، لە نێویاندا هەنگاوەکانی بەغدا بۆ هەبوونی سەربەخۆیی وزە و بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە کەنداو و ئوردن. ئەو هەنگاوە بە دەستکەوتێکی سەردانەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ساڵی رابردوو نێودەبات. 
 
بەرپرسە ئەمریکییەکە باس لەوەش دەکات، "پڕۆژەی پێکەوەبەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە کەنداو و ئوردن بە کارئاسانی و پشتیوانی ئەمریکا گەیشتووەتە ئەنجام." 
 
"ئەو پڕۆژە گرنگەی کە لەسەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ تۆتاڵ ئینێرجی و کۆمپانیاکانی ئەمریکا و قەتەر واژۆکراون لە نێویاندا بۆ سوودبینین لە هاوەڵی گاز، پێویستی عێراقییەکان دابیندەکات و بەهەدەردانی گازیش کەمدەکاتەوە"، ئەمە وەک گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت. 
 
هەروەها ئادەم هاج پێشوازیی ئەمریکا بۆ پشتیوانییەکانی میری قەتەر و سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردەکانی ناوچەکە بۆ ئەو پڕۆژەیە دەردەبڕێت و بە "گرنگییەوە" لە بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو گفتوگۆیانەش دەڕوانێت بۆ بەرەوپێشچوون لە هاوئاهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.