کۆمپانیای خاوەنی ChatGPT بەرنامەیەکی نوێ رادەگەیێنێت؛ مانگانە بە 20،000 دۆلار بەکاریبێنە

رووداو دیجیتاڵ
ئەمەی دەخوێنییەوە هەڵەی رێنووسیی نییە: کۆمپانیای OpenAI کە خاوەنی بەرنامەی ژیریی دەستکردی ChatGPTیە، بەرنامەیەکی نوێ رادەگەیێنێت کە هەر بەکارهێنەرێک دەبێت مانگانە 20 هەزار دۆلار (واتە دوو دەفتەر) بدات تاوەکو بتوانێت بەکاریبهێنیت.
بە گوێرەی راپۆرتێک کە لە پێگەی ئەمریکیی The Information بڵاوکراوەتەوە، ژیرییە دەستکردە نوێیەکەی OpenAI بە راددەیەک پێشکەوتوو و بەهێزە، کە ئەگەر ChatGPT داڕشتنی قۆتابییەکی قۆناخی سەرەتایی بێت، ئەوا بەرنامە نوێیەکە نامەی دکتۆرا دەبێت.
ئامانجی ژیرییە دەستکردە نوێیەکە کە گوایە تێچووی بەشداریکردنی مانگانەی 20 هەزار دۆلار دەبێت، بە شێوەیەکی سەرەکی ئەوەیە کە لێکۆڵینەوە و شیکاریی قووڵ، ئاڵۆز و ورد بکات، بەجۆرێک کە بە چەند چرکەیەک، بتوانێت نامەی دکتۆرا لەسەر بابەتێکی دیاریکراو بنووسێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە پاڵ ئەو ئامرازە نوێیە کە ئاست بەرزترین بەرهەمی دەبێت، دوو بەرنامەی دیکەی ئاست کەمتریش دەخاتەڕوو.
یەکێکیان تێچووی بەکارهێنانی مانگانەی 10 هەزار دۆلار (واتە دەفتەرێک) دەبێت بۆ ئەوەی لە بواری بەرنامەسازی، کۆدچنین و دۆزینەوەی هەڵەی کۆدەکان بەکاربهێنرێت.
سێیەمیان بەرنامەیەکی تایبەت بە شیکردنەوەی داتا و ئامادەکردنی راپۆرت دەبێت، بۆ ئەوەی لە بواری وەک شیکار و راوێژی داراییدا بەکاربهێنرێت و تێچووی مانگانەی دوو هەزار دۆلار دەبێت.
سۆفتبانک، وەبەرهێنەری سەرەکیی کۆمپانیای OpenAI ئەم ساڵ سێ ملیار دۆلاری بۆ پەرەپێدانی ئەو سێ ژیرییە دەستکردە تەرخانکرد.
کڕینی ئەم ئامرازە نوێیە گرانانەی ژیریی دەستکرد رەنگە بۆ ئەو کەسانە زەحمەت بێت کە مانگانە 20 دۆلار بە ChatGPT دەدەن، بەڵام کۆمپانیا ئەمریکییەکە پێویستی بە پارە زەبەلاحەکەیە بۆ ئەوەی خۆی پێ بەڕێوەببات.
بە گوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، تەنیا پار، کۆمپانیاکە 5 ملیار دۆلاری لە خۆ خەرجکردووە.
کەناڵی CNBC باس لەوە دەکات، OpenAI هەوڵی بەدەستهێنانی وەبەرهێنانێکی دیکە بە بڕی 40 ملیار دۆلار دەدات.