یەکێتیی ئەورووپا کۆنفرانسی ساڵانەی کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ سووریا دەبەستێت

 بارەگای سەرەکیی یەکێتیی ئەورووپا

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە، بە سەرپەرشتیی یەکێتیی ئەورووپا، کۆنفرانسی ساڵانەی کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ سووریا بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمە یەکەم جارە لایەنی دەسەڵاتداری سووریا لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربێت کە لە برۆکسل دەبەسترێت. ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی قۆناخی راگوزەری سووریا ئامادە دەبێت. 
 
وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچەکە هەوڵ دەدەن یارمەتیی سووریا بدەن بۆ ئەوەی لە دوای 14 ساڵی جەنگی نێوخۆ، ئابوورییەکەی دەست بە بووژانەوە بکات. 
 
بەڵام دروستبوونەوەی شەڕ و گرژی لەم مانگەدا، کە خراپترینی دوای رووخانی بەشار ئەسەد بوون، وایکردووە متمانەی لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە حکومەتی نوێی دیمەشق لاوازبێت. 
 
بەرپرسێکی ئەورووپی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت: "ئامانجمان لەم کۆنفرانسە ئەوەیە پشتگیریی سووریا بکەین و لە هەمان کاتدا جەخت لە پێویستیی قۆناخێکی سەرکەوتووی راگوزەر بکەینەوە." 
 
لە 8 ساڵی رابردوودا یەکێتیی ئەورووپا ساڵانە کۆنفرانسەکەی کردووە بۆ ئەوە پشتیوانیی دارایی بۆ سووریا کۆبکاتەوە، بەڵام ئەو هاوکارییە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ خزمەتکردنی پەنابەرانی سووریایی لە وڵاتانی دراوسێی سووریا بەکارهێندراوە. بەرپرسانی ئەورووپا لەو ساڵانەدا خۆیان لە کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتی ئەسەد بەدووردەگرت.  
 
بەرپرسەکە دەڵێت: "ئەم ساڵ، بێگومان کۆنفرانسەکە جیاواز دەبێت. ئەمە پەنجەرەی دەرفەتە. زۆر کراوە نییە. بۆیە دەبێت سوود لە کات وەربگرین، ئەگەر نا، دواتر زۆر درەنگ دەبێت." 
 
پێویستییەکانی سووریا گەورەن. بەشێکی گەورەی وڵاتەکە وێران بووە و ئابوورییەکەیشی لە ئەنجامی چەندین ساڵی گۆشەگیری و گەمارۆ هەڵوەریوە. وڵاتانی رۆژئاوا لە دوای سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان لە لایەن ئەسەدەوە لە ساڵی 2011، سزای ئابووریی سەختیان بەسەر سووریادا سەپاند. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەگەر گەشەی سووریا بەم رەوتە بەردەوام بێت، ئەوا 50 ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر دۆخی پێش شەڕی نێوخۆ. 
 
وڵاتەکە هێشتا گیرۆدەی قەیرانێکی سەختی مرۆییە. 16.7 ملیۆن کەس پێویستیان بەو یارمەتییانەی کە رێکخراوە مرۆییەکان دابینیان دەکەن.