یەکێتیی ئەورووپا 2.5 ملیار یۆرۆ بۆ سووریا تەرخان دەکات

ئاڵای یەکێتیی ئەورووپا و سووریا.
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێتیی ئەورووپا لە کۆنفڕانسێکی تایبەت بە سووریا لە برۆکسل بەڵێنی دابینکردنی ملیۆنان یۆرۆی بۆ سووریای دوای ئەسەد دا. وەزیری دەرەوەی سووریاش داوای لابردنی سزای زیاتر دەکات.
 
رۆژی دووشەممە 17-03-2025 کۆنفڕانسێکی تایبەت بە بنیاتنانەوەی سووریا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو. ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بەشدار بوو.
 
دەسەڵاتە ناوچەیی و رۆژئاواییەکان هەوڵدەدەن دوای 14 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ، سووریا بخەنەوە سەر رێچکەی سەقامگیری.
 
ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گوتی، برۆکسل بۆ ئەم ساڵ پابەندییەکانی خۆی بۆ دابینکردنی نزیکەی 2.5 ملیار یۆرۆ (2.7 ملیار دۆلار) بۆ سووریا و خەڵکەکەی زیاد دەکات.
 
ئورسولا گوتی: "سووریاییەکان پێویستییان بە پشتیوانیی زیاترە، ئینجا لە دەرەوەی وڵاتەکەیان یان هەر لە نیشتمانی خۆیان بن."
 
ئەم بەڵێنەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدایە، چەند وڵاتێکی دیکەش پەیامی پشتیوانی و هاوکاریی داراییان راگەیاندووە، لەوانەش 330 ملیۆن دۆلار لەلایەن ئەڵمانیا و 210 ملیۆن دۆلاریش لەلایەن بەریتانیاوە.
 
ساڵی پار سووریا 7.5 ملیار یۆرۆی لە رێگەی هاوکاری و قەرزەوە دەستکەوت، تەواوی هاوکارییەکانی ئەم ساڵیش دواتر رادەگەیێنرێت.
 
ئەگەرچی ئەمە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاژانسی USAIDـی تایبەت بە هاوکارییەکانی دەرەوەی ئەمریکای داخستووە و ئەمەش دەکرێت کاریگەریی بخاتەسەر ژمارەکان.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا ئەمریکا گەورەترین بەخشەری تاکە کەسی بووە بۆ سووریا.
 
لەوکاتەوەی دەسەڵاتێکی نوێ لە سووریا دەستبەکاربووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بەردەوام داوای بەهاناوەچوون و لابردنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی کردووە.
 
لابردنی سزاکان
 
یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی سووریای لە چەند کەرتێکی گرنگی ئابووری لابرد، بەڵام دەڵێن هێشتا چاوەڕێی حکومەتی نوێی سووریان بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن.
 
شەیبانی لە برۆکسلەوە گوتی: "سوپاسی هەموو رێوشوێنەکانی یەکێتیی ئەورووپا دەکەین، لەوانەش هەڵگرتن یان هەڵپەساردنی سزاکان؛ بەڵام هێشتا پێویستیمان بە رێوشوێنی زیاترە بۆ ئەوەی کار لەسەر بووژانەوەمان بکەین."
 
لە دیمەشقەوە هەنگاوی ئەرێنی هەبوون، لەوانە شەرع واژۆی راگەیەنراوێکی دەستووریی کرد، کە تێیدا ماوەی پێنج ساڵیی قۆناخی گواستنەوە، مافەکانی ژنان و ئازادی رادەربڕین دەستنیشان کراوە؛ بەڵام هیوایەکان بەهۆی توندوتیژییەکان لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستی سووریاوە کەوتنە لەرزە، کە چاودێرێکی جەنگ رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان نزیکەی 1500 هاووڵاتیی مەدەنییان کوشتووە و زۆربەیان ئەندامی کەمینەی عەلەوین.
 
شەیبانی جەختی لەوە کردەوە، کە دەسەڵاتدارە نوێیەکان "هەر کەسێک تاوان بکات، دەستەکانی بە خوێن سوور بن" دەیهێننە بەردەم دادگا.
 
هەروەها گوتی: "ئێمە باوەڕمان بە واتای راستەقینەی هاووڵاتیبوون هەیە، هاووڵاتیبوونی هەموو تاکێکی سووریا، بەبێ گوێدانە نەتەوە یان ئایینەکەی."
 
یەکێتیی ئەورووپا هەشت ساڵە هەڵمەتی ساڵانەی کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی بۆ سوریا دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی پشتیوانیی پەنابەرانی وڵاتانی دراوسێی کردووە و خۆی لە هەر پەیوەندییەک لەگەڵ رژێمی ئەسەد بەدوور گرتبوو. 
 
پێداویستییەکانی سووریا زۆر زۆرن، چونکە بەشێکی زۆری وڵاتەکە وێران بووە و ئابوورییەکەی بەهۆی گەمارۆدانی چەندین ساڵەی نێودەوڵەتییەوە لە دوای سەرکوتکردنی نەیارانی ئەسەد لە ساڵی 2011وە کە بووە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، داڕماوە.
 
وڵاتەکە هێشتا رووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی زۆر خراپ بووەتەوە، بەجۆرێک کە نزیکەی 16.7 ملیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتییە.
 
میریانا سپۆلیاریک، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور رایگەیاند: "ئەوە هەڵەیەکە کە ئێستا وەبەرهێنان لە سوریا رابگیرێن. یارمەتییە مرۆییەکان هێشتا هێڵی ژیانە کە ملیۆنان سوریایی پشتی پێدەبەستن. راگرتنی تەنیا ئازارەکانیان زیاتر دەکات و چاکبوونەوەی وڵاتەکە درێژتر دەکاتەوە."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: بەپێی رێژەی گەشەی ئێستا، سووریا زیاتر لە 50 ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ئاستی ئابووریی خۆی پێش سەرهەڵدانی شەڕ.