بەریتانیا: زیاتر لە 30 وڵات سەرباز بۆ ئۆکراینا دەنێرن

رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، زیاتر لە 30 وڵات لەژێر (هاوپەیمانێتیی خوازیاران) ئامادەیی خۆیان نیشانداوە سەرباز بۆ ئۆکراینا بنێرن، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاگربەست بکەن.
رۆژی دووشەممە، 17-03-2025، گوتەبێژی حکومەتی بەریتانیا گوتی: "پێشبینی دەکەین 30 وڵات بەشداریی لەو گرووپە بکەن. سەرۆکوەزیران گوتی لە توانای جیاواز لە وڵاتانی جیاوازەوە دەبینن، بەڵام ئێستا گفتوگۆکان لەبارەی هاوپەیمانێتیی خوازیاران بەردەوامن، هەروەها لەسەر پرسیاری ئەوەی کام وڵات چ شتێک دابین دەکات."
ئەو گوتەبێژە گوتیشی: "بەشداریکردنی وڵاتان و بەخشینیان جیاواز دەبێت، بەڵام ئەمە دەبێتە هێزێکی گەورە، ژمارەیەکی زۆری وڵاتانیش سەرباز دابین دەکەن."
لەوکاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستی بە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ رووسیا کردووە؛ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەوڵی چڕدابوون بۆ دروستکردنی ئەم هاوپەیمانێتییە.
دوو ئەورووپییەکە دەڵێن، ئەم گرووپە هاوشان لەگەڵ پشتیوانیی ئەمریکا بۆ بەدیهێنانی گەرەنتیی ئەمنیی بۆ ئۆکراینا، هەروەها بۆ رێگە گرتن لە پێشێلکارییەکانی رووسیا بەرامبەر ئاگربەست گرنگە.
ستامەر و ماکرۆن خواستی خۆیان بۆ ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا دەربڕیوە.
رۆژی شەممە ستامەر بە پەیوەندیی ڤیدیۆیی قسەی لەگەڵ 26 سەرکردەی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ کرد و باسیان لە پلانەکە کرد.
بڕیارە پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، دەیان فەرماندەی سەربازی لە بەریتانیا گفتوگۆ لەسەر ئۆکراینا بکەن.
ستامەر گوتوویەتی، هەر پشتیوانییەک بۆ ئەم هاوپەیمانێتییە هەبێت، ئەو پێشوازی لێدەکات، ئینجا لۆجیستی بێت یان تەکنەلۆژی.