دوای سێ مانگ ونبوون لە زەریا، ماسیگرێک بە زیندوویی دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
ماسیگرێکی پێرویی بۆ ماوەی 94 رۆژ لە زەریا بێسەروشوێن ببوو، بەڵام بە زیندوویی دۆزرایەوە. رۆژانە لەسەر سیسرک ژیاوە.
ماکسیمۆ ناپای تەمەن 61 ساڵ بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ لەنێو بەلەمە بچووکەکەی لە زەریای هێمن مایەوە، رۆژی 16-03-2025 لەلایەن کەشتییەکی ئیکوادۆری لە کەناراوی شاری چیمبۆتی لە باکووری پیرۆ دۆزرایەوە.
دوای رزگارکرانی، ناپا گوتی لەو 94 رۆژە سیسرکی دەریایی، باڵندە و کیسەڵێکی خواردووە.
ناپا گوتی: "لەبەر دایکم نەمدەویست بمرم، هەموو رۆژێک بیرم لە دایکم دەکردەوە. کچەزایەکی تەمەن دوو مانگم هەیە و بەهۆی ئەمەوە لە ژیان مامەوە."
جۆرجێ گۆنزالێز، کاپتنێکی هێزی دەریایی پیرۆ گوتی: "بەڕێز ناپا بە تەندروستییەکی باشەوە گەیشت. دەیتوانی بڕوات، خۆی بشوات، بەڵام شۆک ببوو."
ناپای ماسیگر رۆژی 07-12-2024 لە بەندەری سان خوان دی مارکۆنا لە رۆژئاوای پێرو دەستی بە سەوڵ لێدان کردبوو، بەڵام بەهۆی کەشوهەوای نالەبار و تەوژمی تووندی زەریا، رێگەی ونکردبوو. بەلەمەکەی هیچ رادیۆیەکی تێدا نەبوو.
ئینێس ناپا، کچی ماسیگرەکە گوتی: "دۆزرانەوەی باوکم پەڕجووە [موعجیزەیە]. ئێمە وەکو خێزانی ئەو، هەرگیز بێهیوا نەبووین."