دۆناڵد ترەمپ: حووسییەکان هێرشبکەن، یەخەی ئێران دەگرین

رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە لە ئێران دەکات و دەڵێت، ئەگەر جارێکی دیکە حووسییەکان هێرش بکەن، یەخەی ئەوان دەگرن و ئەوان بە بەرپرسیار دەزانن.
رۆژی دووشەممە، 17-03-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) بڵاویکردەوە: "باوه‌ڕ به قسه‌ی هیچ که‌س مه‌که‌ن! سه‌دان هێرش که له‌لایه‌ن حوسییه‌کانه‌وه دەکرێت، ئه‌و چه‌ته و بکوژه ترسناکانه‌ی که له یه‌مه‌ن بنکه‌یان هه‌یه و خه‌ڵکی یه‌مه‌ن رقیان لێیانه، هه‌مووی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و دروست ده‌کرێت."
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد: "حووسییەکان هەر هێرشێکی دیکە بکەن، بەهێزێکی زۆرەوە وەڵام دەدرێتەوە."
رۆژی شەممە، 15-03-2025، هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی ترەمپ هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر حووسییەکان. هێرشەکەش بەهۆی پەلاماردانی کەشتییەکانی دەریای سوور بوو لەلایەن حووسییەکانەوە.
ترەمپ ئێرانی تۆمەتبارکرد و گوتی، ئێرانە یارمەتیی بزووتنەوەکەی یەمەن دەدات؛ "فه‌رمان به هه‌موو جووڵه‌یه‌ک ده‌که‌ن، چه‌کیان پێده‌ده‌ن، پاره و که‌لوپه‌لی سه‌ربازیی پێشکه‌وتوویان بۆ دابین ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی پێشی ده‌گوترێت هه‌واڵگری، بۆیان دابین دەکەن. هه‌ر گولله‌یه‌ک حووسییه‌کان بیته‌قێنن، له‌م خاڵه‌وه به دواوه، وه‌ک ئه‌وه سه‌یر ده‌کرێت که ئەو گوللەیە له چه‌ک و سه‌رکردایه‌تیی ئێرانه‌وه ته‌قێندرابێت."
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە: "ئێران به‌رپرسیار ده‌بێت و باجه‌که‌ی ده‌دات و ئه‌و باجه‌ش زۆر قورس ده‌بێت."
رۆژی یەکشەممە، 16-03-2025، مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "هێرشەکانی شەممە ژمارەیەک سەرکردەی حووسی کردە ئامانج و کوژران. ئێمە بە هێزێکی تووند و گەورە لێماندان، ئێرانیشمان ئاگادار کردەوە کە ئیدی بەسە."
بۆردوومانەکەی دوێنێی ئەمریکا یەکەم بۆردوومان بوو بۆ سەر حووسییەکان، لەوکاتەوەی دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە سەر کورسیی دەسەڵات. لە هێرشەکە لانیکەم 53 کەس کوژران و نزیکەی 98 کەسیش بریندار بوون.
ئەنیس ئەسباحی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی یەمەن کە لە ژێر ئیدارەی حووسییەکانە گوتی: "زۆربەیان ژن و منداڵن."
حووسییەکان کە لەلایەن تارانەوە پشتیوانی‌یان لێدەکرێت و زیاتر لە 10 ساڵە کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆری یەمەنیان کردووە؛ لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا وەستاونەتەوە و دەڵێن، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور وەک ناڕەزایەتییەکە لە دژی جەنگی ئیسرائیل لە غەززە.
چەند کاژێرێکی کەم دوای هێرشەکانی ئەمریکا، حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکا لە دەریای سوور. گوتیان: "لە وەڵامی ئەم دووژمنکارییەی ئەمریکادا، هێزە چەکدارەکان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان کرد و کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکا، ی‌و ئێس ئێس هاری ترومان و کەشتییەکانی دیکەی لەگەڵیدا کردنە ئامانج."