130 هەزار کارمەندی حکومی لە بەریتانیا بۆ زیادکردنی مووچە دەوام بایکۆت دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە بەریتانیا 130 هەزار کارمەندی حکومی، لەنێویاندا مامۆستا، پزیشک، کارمەندی وێستگەی شەمەندەفەر و پارێزەر، دەوامیان بایکۆت کرد و داوای زیادکردنی مووچە دەکەن.
 
بەشیک لەو کارمەندانە بەدەم گوتنەوەی درووشمەوە بەرەو شەقامی داونینگ چوون، کە ماڵی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای لێیە؛ داواکارییەکەیان زیادکردنی مووچەکانیانە بە رێژەی 10% و دەڵێن، تاوەکو خواستەکانیان جێبەجێ نەکرێت لە خۆپێشاندان بەردەوام دەبن.
 
ئینگرید لامبەرت مامۆستایە و ئاماژە بەوە دەکات، "زۆر بە تەواوەتی باوەڕم بەوەیە، ئەو کارەی دەیکەین وەکو پێویست پاداشتی ناکرێت. ئێمە کاتی پەتاکە زۆر بە سەختی کارمان کرد و بە گوشارێکی زۆردا تێپەڕین، بەڵام ئێستا وا هەست دەکەین هەمووی بیرچووبێتەوە."
 
رێژەی هەڵاوسان لە بەریتانیا زیاتر لە 10%ـە. خۆپیشاندەران دەڵێن، ناتوانن بە هەمان مووچەی پێشوو بژێویی ژیانیان دەستبکەوێت.
 
بەرپرسانی حکومەت لە وەڵامیاندا باس لەوە دەکەن، ناتوانن مووچە زیاد بکەن و ئەگەر ئەو کارە بکەن، ئاستی هەڵاوسان بەرز دەبێتەوە.
 
مۆنیک لامبی لە سەندیکای خوێندنی نیشتمانی دەڵێت، "دەبینین قەیران لە پەروەردەدا هەیە. مامۆستا هەن کارەکەیان جێدەهێڵن؛ ئەگەر ئێستا شتێک نەکەین، خراپتر دەبێت. ئەم کارە بۆ منداڵەکانمان دەکەین، تاوەکو سیستمی پەروەردە باشترین ببێت."
 
سەندیکای کرێکاران دەڵێت، لە 13 ساڵی رابردوودا داهاتی کارمەندانی حکومی 26% کەمیکردووە. هەروەها باس لەوە دەکەن، 40 هەزار کارمەند لەبەر هەژاری لە بانکی خۆراک نان دەخۆن و 45 هەزاری دیکەش سوود لە پارەی بەخششی مانگانە وەردەگرن.