جەنگی رووسیا و ئۆکراینا زیانی بە کەرتی گەشتیاریی تورکیا گەیاندووە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەردەوامی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ژمارەیەک گەشتیاری رووسی لە تورکیا گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە، هەر بەهۆی ئەو جەنگەوە چاوەڕێدەکرێت ئەمساڵ رێژەی چوونی گەشیاران بۆ تورکیا بەراود بە ساڵی رابردوو کەمبێتەوە.
لە یەکێک لە کەناراوەکانی شاری گەشتیاریی ئەنتاڵیا لە باشووری رۆژئاوای تورکیا. ژمارەیەک لەو گەشتیارانەی رووسیا کە ئیستا لە شارەکەن، لە دوای هێرشی وڵاتەکەیان بۆ سەر ئۆکراینا گیریانخواردووە. کارتە بانکییەکانیان لە دەرەوەی وڵات کار ناکات و نازانن کەی و چۆن بگەڕێنەوە.
مارگاریتا ساباتنیکایا، گەشتیارێکی رووسییە و باسی لەوە کرد، "لەگەڵ منداڵەکانمان بۆ گەشتکردن هاتووین بۆ ئێرە. هەڵبەت لەم دۆخەدا نازانین کەی دەگەڕێینەوە بۆ رووسیا و بە چ فڕۆکەیەک دەگەڕێینەوە. نازانین چی چاوەڕێمان دەکات. بێگومان دەمانەوێت لێرە بمێنینەوە، بەڵام دۆخێکی سەختە، کارتە بانکییەکانمان لێرە کار ناکەن. چۆن دەتوانین لێرە بمێنینەوە. دیار نییە چۆن لە ژیاندا دەمێنینەوە".
هۆتێلەکانی ئەنتاڵیا ئامادەکاری تەواویان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران کردووە. ئەوان تاڕادەیەک نیگەرانن. پێشبینی دەکەن قەیرانی ئۆکراینا کاریگەری لەسەر گەشتیارانی ئەوان هەبێت.
ئاننا یغیت، یاریدەدەری بەڕێوەبەری هۆتێلێکە لە تورکیا و دەڵێت، "بەگشتی بۆ ئەنتاڵیا پار نۆ ملیۆن گەشتیار هاتن. ئەو گەشتیارانە 57%یان لە رووسیا، ئۆکراینا و بیلاڕووسەوە هاتبوون. بەو هۆیەوە پێشبینی دەکەین ئەم قەیرانە گاریگەری جیددی لەسەر کەرتی گەشتیاری ئەنتاڵیا هەبێت".
لە ئەنتاڵیا نەک تەنیا خاوەن هۆتێلەکان، نووسینگە و رێبەرانی گەشتیاریش پێیان وایە لە یەک کاتدا گەشتکردن بە گەشتیارانی دوو وڵات کەپێشتر دۆست بوون و ئێستاش لەنێو شەڕدان، کارێكی ئەستەم دەبێت.
باربارۆس دوزگون، رابەری گەشتیاری زمانی رووسی ئاماژە بەوە دەکات، "لە رابردوودا ئۆکراینا و رووسیا برا بوون، هاوڕێ بوون، لە یەک پاس و یەک یەختدا گەشتمان پێ دەکردن. ئێستا ئەگەر لەگەڵ مندا لەنێو یەک پاسدا گەشت بکەن، چی روودەدات. بۆ نموونە ئەگەر پێویست بوو پێکەوە بیانبەم بۆ پاموککالە، چۆن دەچین بۆ پاموککالە و چۆن دەگەڕێینەوە، نازانم. نازانم دەتوانین پێکەوە بڕۆین یان نا".
ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە رووسیا و وڵاتانی دراوسێیەوە گەشت بۆ ئەنتاڵیا دەکەن. بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی تورکیا لە ساڵی 2021دا زیاتر لە سێ ملیۆن و 500هەزار گەشتیاری رووسی و نزیکەی یەک ملیۆن و 500هەزار گەشتیاری ئۆکراینی سەردانی شاری ئەنتاڵیایان کردووە.