لە هێرشێکدا لە کامیرۆن 22 کەس کوژران


رووداو - هەولێر

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کامیرۆن رایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆسەر گوندێک لە باکووری رۆژئاوای کامیرۆن، 22 کەس کوژراون کە ژن و منداڵ لەنێو کوژراوەکاندان.
 
بە گوتەی جەیمس نونان، بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کامیرۆن، 14 لە کوژراوەکان منداڵ بوون و یەکێکی دیکەش لە کوژراوەکان ئافرەتێکی دووگیان بووە.
 
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کامیرۆن ئاماژەی بەوەش کرد "هەر گرووپ و لایەنێک ئەو کارەی کردبێت، هەڕەشەیەکە بەوەی کە تووندوتیژی دیکە لەپێشە، ئەو خەڵکەی ئێمە قسەمان لەگەڵیان کردووە زۆر ترساون و پێشبینیی ئەمەیان نەکردووە".
 
لە راگەیێندراوێکدا یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە سەرەکییەکانی کامیرۆن بەناوی "بزووتنەوەی لەدایکبوونەوەی کامیرۆن" لەسەر هێرشەکە لۆمەی حکومەتی وڵاتەکەی و هێزە ئەمنییەکانی کردووە و حکومەتی وڵاتەکەی بە "رژێمێکی دیکتاتۆر" ناوی بردووە.
 
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ و رێکخراوێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام حکومەتی کامیرۆن پارتێکی ئۆپۆزیسیۆن بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات.
 
دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتایە سەر خۆپێشاندەران لەو وڵاتە، گرووپێکی چەکداری پەیدابوون و بانگەشەی راگەیاندنی دەوڵەتێکی نوێیان دەکرد و ناویان لێنا "ئامبازۆنیا"، بەڵام پاوڵ بیا، سەرۆکی کامیرۆن گرووپەکەی بە "تیرۆریست" ناوبرد.
 
لە ساڵی 2017وە و بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە کامیرۆن، زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژراون و لانیکەم 70 هەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەر بوون.