وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پشتگیرییەکانی واشنتن هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن، بێ ئەوەی وردەکاری ئەو پشتگرییانە ئاشکرا بکات.
 
رۆژی چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا، وەڵامی پرسیارەکانی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن دایەوە.
 
لەبارەی هەڵوێستی ئیدارەی بایدن لەدوای هێرشە مووشەکییەکانی شەوی دووشەممەی شاری هەولێر، میللەر بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکەین هەروەکو دوێنێ [سێشەممە] سەرکۆنەمان کرد. لەدوای ئەو هێرشانەش، ئەنتۆنی بلینکن دوێنێ لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەشدا، وەزیر گرنگی هاوبەشی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردەوە و جەختیشی لە سەرکۆنەکردنی بێگوماناوی ئەمریکای بۆ شەڕانگێزییەکانی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە."
  
شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسداران بە پێنج مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ماڵێکی سەرمایەداری ناسراوی هەولێر پێشڕەو دزەیی و لەئەنجامدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی، کچێکی، هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی، هەروەها 16 کەسیش بریندار بوون.
 
لەبارەی ئایا ئەو پشتگیرییانە چین کە واشنتن لەدوای ئەو هێرشانە بۆ هەولێر چین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیرییکردنیان لەنێویشیان لەڕووی دیپلۆماسییەوە و زیاتر لەمە هیچ هەنگاوێکمان ئاشکرا ناکەم." 
 
رۆژی سێشەممە، لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس، مەسرور بارزانی، لەگەڵ جەیک سوڵەیڤان، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا، کۆبووەوە و بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوەیەدا، جەیک سوڵیڤان بە مەسرور بارزانیی گوتووە، لەگەڵ بایدن تاوتوێی پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان دەکات. 
 
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی ماتیۆ میللەر:
 
رووداو: سوپاس ماتیۆ، قسەت لەسەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێیی کرد، پرسیارێکم بەدیاریکراوی لەسەر هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر هەیە، حکومەتی ئێران هەوڵدەدات ئەو راستیانە بشێوێنێت کە باس لە هێرشەکەیان بۆ سەر هەولێر دەکەن و دەڵێن بنکەیەکی ئیسرائیلیمان کردووەتەوە ئامانج، لەولاشەوە حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەڵێن، ئەمە هێرش بووە بۆ سەر ماڵێکی مەدەنی، چوار سیڤیل کوژراون، لە نێویاندا منداڵێکی یەک ساڵە، هەڵسەنگاندنەکانی ئێوە بۆ ئەم هێرشە چین، ئێوە پشتیوانی لە حکومەتی عێراق دەکەن کە دەیانەوێت ئەم پرسە ببەنە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئێران رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکەنەوە؟
 
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: من باس لە هەنگاوەکانی عێراق ناکەم، بەڵام دەتوانم بڵێم، ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکەین هەروەکو دوێنێ سەرکۆنەمان کرد. لەدوای ئەو هێرشانەش، ئەنتۆنی بلینکن دوێنێ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بارزانی کۆبووەوە لەپەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس و لەو کۆبوونەوەیەشدا، وەزیر گرنگی هاوبەشی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردەوە و جەختیشی لە سەرکۆنەکردنی بێگوماناوی ئەمریکای بۆ شەڕانگێزییەکانی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.   
 
رووداو: سەبارەت بەو کۆبوونەوانەی باستان کردن، کۆبوونەوە لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جەیک سولیڤان و وەزیر بیلنکنیش هەبوو، هەروەها ئەمڕۆش باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، ئێوە دەڵێن پشتیوانی خۆتان بۆ هەرێمی کوردستان نیشانداوە، مەبەستان لەم پشتیوانییە چییە، ئێوە پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانەی لەلایەن ئێرانەوە دەکرێتە سەریان، چۆن پشتیوانیان دەکەن؟
 
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنیان لەنێویشیان لەڕووی دیپلۆماسییەوە و زیاتر لەمە هیچ هەنگاوێکمان ئاشکرا ناکەم.