لە خۆپێشاندانی دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئوردن ئەفسەرێکی پۆلیس کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە هاووڵاتییان لە ئوردن دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ناڕەزاییان دەربڕی. خۆپێشاندەران بە سووتاندنی تایە رێگەکانیان داخستن. گرژی لەنێوان خەڵک و پۆلیس دروستبوو. لە ئەنجامدا جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگەی مەعان کوژرا.
خۆپێشاندانەکە لە چەند رۆژی رابردوودا لە لایەن شوفێری بارهەڵگرەکانەوە دەستیپێکرا، دواتر شوفێری تەکسییەکان و خەڵکیش چوونە نێوی. لە پارێزگەی مەعان، دوای گرژییەکانی شەوی پێنجشەممە، شوفێری بارهەڵگرەکان مانیان گرت.
شوفێرێکی مانگرتوو لە شاری مەعان دەڵێت، "لەپێناو شکۆمەندیی خۆمان، ئەگەریش بمرین دەست لە مانگرتن هەڵناگرین تاوەکو نرخی سووتەمەنی دادەبەزێنن. لێرە وەستاوین و هیچ جووڵەیەکمان نابێت."
نرخی بەنزین و نەوتی سپی بەراورد بە ساڵی رابردوو لە ئوردن دوو هێندە بەرزبووەتەوە. نرخی یەک لیتر بەنزینی کوالێتیی نزم 0.920 دیناری ئوردنییە کە دەکاتە 1.30 دۆلار. یەک لیتر گازوایل 0.895 دیناری ئوردنییە، واتە 1.26 دۆلار. یەک لیتر نەوتی سپی 0.860 دیناری ئوردنییە کە دەکاتە 1.21 دۆلار.
لە کاتێکدا کە بە گوێرەی بانکی جیهانی، 23٪ـی خەڵکی ئەو وڵاتە بێکارن، ئەوانەی کاریشیان هەیە، مووچەی مامناوەندیی مانگانەیان نزیکەی 600 دۆلارە. بەگوێرەی حکومەتی ئوردن، 15.7٪ـی خەڵکی ئەو وڵاتە لە ژێر هێڵی هەژاریدان.
ناڕەزاییەکان دوا ئەوەی زیادبوون کە حکومەتی ئوردن رایگەیاند، توانا داراییەکانی بەشی ئەوە ناکەن نرخی سووتەمەنی کەمبکاتەوە.
شوفێرێکی دیکەی بارهەڵگر گوتی، "سوێند بەخودا، دەزانم خەڵکێک هەیە دەترسێت سەگەکەی لە ناو ڤیللاکەیدا بە برسی یان لە بەر سەرما بخەوێت؛ بەڵام خەڵکەکە هەمووی نەوتی نییە خۆی پێ گەرمکاتەوە، خواردنی نییە، خواردنەوەی نییە، یەک دەبە گازوایلی دەستناکەوێت؟"
حکومەتی ئوردن کۆمەڵێک رێگەی بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە خستووەتەڕوو، لەوانەش زیادکردنی کرێی گواستنەوە و پێدانی یارمەتیی دارایی بەو خێزانانەی کە زۆرترین کاریگەریی قەیرانەکەیان لەسەر بووە.