لە شەڕ و پێکدادانی نێوان تاجیکستان و قیرغیزستان 3 دەکوژرێن و زیاتر لە 30 کەس برینداردەبن
رووداو دیجیتاڵ
لە شەڕ و پێکدادانەکانی دوو رۆژی رابردووی نێوان سەربازانی قیرغیزستان و تاجیکستان لانیکەم 3 کەس کوژراون و 34 کەسی دیکەش لە هەردوولا برینداربوون. قیرغیزستانیش دەڵێت، گەیشتوونەتە ئاگربەست.
رۆژی هەینی 16ـی ئەیلوولی 2022، پاسەوانی سنووری قیرغیزستان رایگەیاند: "پێکدادانی تووند لە ناوچەی باتکێنی سنووری نێوان قیرغیزستان و تاجیکستان روودەدەن" و تاجیکستانی بە بەکارهێنانی چەکی قورس، لەنێویدا مووشەک و فڕۆکەی جەنگی تۆمەتبار کرد. بەڵام گوتیشی، هێزەکانیان وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و دەڵێت: "ئەستەمە ئەوان بتوانن دەستبەسەر ناوچەکانی قیرغیزستاندا بگرن."
دواتر بەرپرسانی قیرغیزستان رایانگەیاند کە گەیشتوونەتە ئاگربەست لەگەڵ تاجیکستان و کاژێر 16:00 بە کاتی نێوخۆیی [کاژێر 13:00 بە کاتی هەولێر] ئاگربەستەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
هاوکات، وەزارەتی تەندروستیی قیرغیزستان رایگەیاند کە 31 کەس بەهۆی پێکدادانەکانەوە برینداربوون و تیمەکانی فریاکەوتن خراونەتە ئامادەییەوە.
لای خۆشیەوە، تاجیکستان هێزەکانی قیرغیزستانی بە "تۆپبارانکردنی چڕی" بۆسەر ماڵ و ژێرخانی سڤیل تۆمەتبارکرد، بەڵام تائێستا هیچ ئامارێکی بڵاونەکردووەتەوە.
میدیای فەرمیی رووسیا رایگەیاند، پاسەوانێکی سنووریی تاجیکی کوژراوە و 3 پاسەوانی دیکەش برینداربوون.
رۆژی چوارشەممە، بەرپرسانی تاجیکستان رایانگەیاند، بەهۆی پێکدادانی نێوانیان لەگەڵ قیرغیزستان، دوو پاسەوانی سنووریی تاجیکستان کوژراون. هاوکات، قیرغیزستان رایگەیاند کە لە ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ تاجیکستان، خەڵکی سڤیل دەگوازنەوە.
هەروەها، رووسیا ئامادەیی نێوەندگیریکردنی نێوان هەردوو وڵاتەکەی ئەندامی پێشوو لە یەکێتیی سۆڤیەت دەربڕیوە، کە سنوورێکی هاوبەشی کێشەلەسەر جیایان دەکاتەوە. مۆسکۆ دەشڵێت، بەرپرسانی هەردوو پایتەختی بیشکێک و دوشانبێ پشتگیریی خۆیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێک و دانوستاندن دەربڕیوە.
هەردوو کۆمارەکەی پێشووی یەكێتیی سۆڤیەت سنوورێکی 970 کیلۆمەتری لە نێوانیاندا هەیە و ناوبەناو شەڕ و پێکدادان لەنێوانیاندا روودەدات، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زیاتر لە نیوەی سنووری نێوانیان كێشەلەسەرە.
خوێناویترین شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوو وڵاتەکە لە ساڵی 2021 روویدا، کە لە هەردوولا 50 کەس کوژران.