لە لەندەن چەقۆکێشێک دوو پۆلیس بریندار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە نێوەڕاستی شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کەسێک بە چەقۆ دوو پۆلیس بریندار دەکات؛ هەردوو پۆلیسەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراون و چەقۆوەشێنەکەش دەستبەسەرکراوە. 
 
رۆژی هەینی 16ـی ئەیلوولی 2022، پۆلیسی لەندەن لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 6:00ـی بەیانی بەکاتی لەندەن [کاژێر 8:00ـی بەیانی بەکاتی هەولێر] روویداوە. گوتیشی، لە دوای بریندارکردنی هەردوو پۆلیسەکە، گومانلێکراوەکە لەلایەن پۆلیسەوە بە کارەبا لێیدراوە و دەستبەسەرکراوە، دواتر ئەویش رەوانەی نەخۆشخانە کراوە. 
 
پۆلیسی لەندەن باسی لە رووداوەکە کرد و گوتی: "لە گۆڕەپانی لیسیستەر پۆلیس رووبەڕووی پیاوێکی چەقۆوەشێن بووەتەوە." گۆڕەپانەکە لە نێو جەرگەی پایتەختی بەریتانیایە و نزیکەی کیلۆمەترێک لە هۆڵی وێستمینیستەرەوە دوورە کە تابووتی شاژنە ئێلیزابێزی دووەمی لێدانراوە و رێوڕەسمی رێزگرتنی تێدا بەڕێوەدەچێت. 
 
پۆلیسی لەندەن ئاماژە بەوەش دەکات دوای رووداوەکە، "پۆلیس ئامێری کارەبایان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی گومانلێکراوەکە بوەستێنن." دوای ئەوەش گومانلێکراوەکە گوازراوەتەوە نەخۆشخانە، بەڵام پۆلیس ئاماژەی بە ناوی نەخۆشخانەکە نەکرد. 
 
پۆلیس گوتیشی کە لێکۆڵینەوەیان لە شوێنی رووداوەکە دەستپێکردووە و بەردەوامە. 
 
ئەو رووداوە لەکاتێکدا دێت کە بەهۆی پرسە شاژنە ئێلیزابێزی دووەمەوە، ئاسایشی نێو شاری لەندەن تۆکمەکراوە و هەزاران پۆلیس لە سەرتاسەری بەریتانیا خراونەتە باری ئامادەییەوە و هەزار و 500 سەربازی سوپاش هاوکاریی ‌هێزەکانی ئاسایش دەکەن.
 
سادق خان، سەرۆکشارەوانیی لەندەن رووداوەکەی بە "تۆقێنەر" ناوبرد و گوتی: "پۆلیس بەرەو مەترسی چوون بۆ ئەوەی گیانی کەسانی دیکە بپارێزن، ئێمە قەرزاری ئەوانین."
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا پۆلیس 11 هەزار و 122 کەیسی هێرشکردن و هەراسانکردنی کەسانی دیکەیان بە چەقۆ تۆمارکردووە. 
 
لە ماوەی نێوان ئاداری 2021 تاوەکو ئاداری 2022ـشدا، بەگوێرەی ئامارەکانی وڵاتەکە، رێژەی تاوانی چەقۆوەشاندن 10٪ بەرزبووەتەوە.