جۆن کێربی بۆ رووداو: ئەمریکا بوونی خۆی لە کەنداو بەهێزتر دەکات

رووداو دیجیتاڵ

جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمریکا بوونی خۆی لە کەنداو بەهێزتر دەکات... قبووڵناکەین، ئێران پاڵپشتی لە تۆڕە تیرۆریستییەکان بکات لە ناوچەکەدا و لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە کەنداو بەردەوام بێت."
جۆن کێربی باسی لەوەش کرد "لەگەڵ ئێرانییەکان بۆ گەڕاندنەوە ئەمریکییە گیراوەکان لە گفتوگۆداین." جەختیش دەکاتەوە لەوەی "ئێران لەوە تێدەگات، کە لێی قبوڵناکرێت درۆن بۆ رووسیا دابین بکات."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و جۆن کێربی: 
 
رووداو: سوپاس جۆن، من دیارم لە تۆڕی میدیایی رووداو، دوو پرسیارم لەسەر ئێران هەیە؛ یەکەم پرسیارم ئەوەیە ئایە هیچ لێکتێگەیشتنێک لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە لەسەر پرسەکانی وەک دابینکردنی درۆن بۆ رووسیا لە شەڕی ئۆکراینادا، لەسەر زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم، هەروەها هەڕەشەی گرووپەکانی سەر بە ئێران لەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، ئایا لێکتێگەیشتن لەنێوان ئێوە و ئێراندا هەیە؟
 
جۆن کێربی: هیچ لێکتێگەیشتنێک؟ 
 
رووداو: بەڵێ، چونکە راپۆرتی زۆرهەن و باس لەوە دەکەن ئەو رێککەوتنەی ئێوە لەگەڵ ئێران سەبارەت بە گۆڕینەوەی زیندانیکراوان هەتانە، بەشێکە لە لێکتێگەیشتنێکی فراوانتر کە لەگەڵ ئێران لە عومان پێیگەیشتوون؟
 
جۆن کێربی: ئێمە، هەوڵدەدەین هاووڵاتییە ئەمریکییەکان بگەڕێنینەوە ئەمریکا، ئەمە ئەوەیە کە کردوومانە. 
 
رووداو: ئێوە رەتیدەکەنەوە هیچ لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ ئێراندا هەبێت؟ 
 
جۆن کێبی: باشە، سەیرکە، ئەگەر پرسیار لە لێکتێگەیشتن دەکەیت، مەبەستمە بڵێم، هیوادارم تاران لەوە تێبگات، شتێکی قبووڵکراو نییە درۆن بە رووسیا بدەن تاوەکو ئۆکراینییەکانی پێبکوژن. ئەوەش جێگەی قبووڵ نییە کە ئێران پاڵپشتی لە تۆڕە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە دەکات. قبوڵکراو نییە لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر ئەو کەشتییانەی لە کەنداون بەردەوام بن، بۆیە لە راستیدا، ئەمریکا ئامادەیی سەربازیی خۆی لە ناوچەکە بەهێزتر دەکات. بۆیە ناتوانم باس لەوە بکەم کە رژێمی تاران لە چی تێدەگات، بەڵام دەتوانم باس لەوە بکەم، کە ئێمە چیمان گوتووە و بەردەوامیش دەبین لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی گوتوومانە، لەبارەی چالاکییە تێکدەرەکانی ئێران.
 
ئێستا سەیربکە، وەکو هەفتەی رابردووش گوتم، ئەگەر ئێران هەنگاوی بەرەو وەستاندن یان خاوکردنەوەی یۆرانیۆم ناوە، من ناتوانم ئەوە پشتڕاستبکەمەوە، بەڵام ئەگەر کردوویانە، شتێکی باشە. بە روونی دیارە شتێکی باشە و ئێمەش پێشوازیی لێدەکەین. ئەمەش بە مانای ئەوە نییە کە دەستهەڵدەگرن لە هەموو ئەو چالاکییە تێکدەرانەی ئێران و ئەو هەڕەشانەی بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەشی دروستیکردووە. ئێمە ئێستا، کە من و تۆش قسە دەکەین، لەگەڵ ئێران لەگفتوگۆداین، ئێستا بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان بگەڕێنینەوە نیشتمان؛ ئەمە ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان ئێستا قسەی لەسەر دەکەین، هیچ شتێكیش لەسەر ئەو بابەتە لێرەدا ناڵێم، چونکە ئەوە دانوستاندنەکان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام ئەوە ئەو شتەیە کە ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان گفتوگۆی لەسەر دەکەین، ئەویش گەڕاندنەوەی ئەو ئەمریکییانەیە بە سەلامەتی بۆ نێو خێزانەکانیان، ئەو شوێنەی کە دەبێت لێی بن. 
 
رووداو: بێجگە لە پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، هیچ گفتوگۆیەکی دیکە لەگەڵ ئێرانییەکاندا هەیە؟ 
 
جۆن کێربی: سەرنجی ئێمە لەسەر گەڕانەوەی ئەمریکییەکانە بۆ نیشتمان