ساموێڵ وێربێرگ: هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەرز دەنرخێنین

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرز دەنرخێنین " و جەختیکردەوە "ئەمریکا بە گرنگی دەزانێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و شەفاف بەڕێوەبچێت". 
 
ساموێڵ وێربێرگ نایشارێتەوە "ئەمریکا هەمیشە لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا نیگەرانە و داوا دەکەن، هەولێر و بەغدا هەمیشە دانووستاندن بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و باشترکردنی پەیوەندییەکانیان". 
 
ئەو گوتەبێژەی ئەمریکا نیگەرانیی ئەمریکای نەشاردەوە لەبارەی هەژموونی ئێران لە عێراق و ناوچەکە، بۆ دوورخستنەوەی هەژموونی ئێرانیش پێیوایە " گرنگترین شتێک کە بیکەین ئەوەیە هەموو هەوڵەکانمان بە ئاراستەی بەهێزکردنی حکومەتی عێراق بێت. بە ئاراستەی بەهێزکردنی دامەزراوە عێراقییەکان بێت، بەهێزکردنی دامەزراوە هەرێمییەکانی نێوخۆی عێراق بێت".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ساموێڵ وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
 
رووداو: زۆر سوپاس ساموێڵ وێربێرگ، داهاتووی ناتۆ چۆن دەبینیت؟ کاتێک دوو ئەندامی نوێتان هەیە و هەروەها هەوڵدەدەن ئەندامی نوێش بێنە نێو ناتۆ.
 
ساموێڵ وێربێرگ: زۆر سوپاس بۆ ئەم میواندارییە و سوپاس نە تەنیا بۆ میوانداری، بەڵکو بۆ ئامادەبوونی رووداو لەم لووتکە گرنگە. چونکە ئێمە وای دەبینین کە بەڵێ پەیمانی ناتۆ وەکو نەریت هاوپەیمانییەکی گرنگ بوو بۆ ئاسایشی ئەوروپا، بەڵام زیاتر و زیاتر بەو باوەڕە گەیشتین کە پەیمانی ناتۆ و ئەندامەکانی رۆڵێکی گرنگ لە ئاسایشی جیهانی و سەقامگیریی جیهانیدا دەگێڕن، بۆیە بەڵێ، وەکو گوتت ئێمە ئەمڕۆ ئاهەنگی حەفتا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی پەیمانی ناتۆ دەگێڕین و ئاهەنگی بوونە ئەندامی هەردوو دەوڵەتی سوید و فینلاند لەم هاوپەیمانیە دەگێڕین. ئێمە بێگومان ئەمساڵ فۆکەسمان لەسەر ئەو ئاڵنگاریانە دەبێ کە لە دوژمنکاریی رووسیاوە بۆ سەر ئۆکراینا سەرچاوە دەگرن. بەڵام بێگومان فۆکەسمان لەسەر ئایندە و ئەو ئاڵنگاریە نوێیانەش دەبێ کە لە چین و لە مەسەلەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاڵنگارییەکانی تایبەت بە ئابووری جیهانی و بارودۆخی ئابووری و هێرشی سایبیرییەوە سەرچاوە دەگرن. کەواتە ئێمە ئەمساڵ وا پێشبینی دەکەین کە شتی زیاتر لەبارەی هەموو ئەم ئاڵنگارییە نوێیانەوە ببیستین.
 
رووداو: با قسە لەسەر وڵاتانی هاوبەشی ناتۆ بکەین، دەزانین کە 32 وڵاتی ئەندام لە ناتۆ هەن، بەڵام هەندێ وڵاتی دیکە هەن، وڵاتی هاوبەشن، وەک عێراق و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێوە هاوئاهەنگی نێوان ناتۆ و ئەو وڵاتانە چۆن دەبینن؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: خاڵێکی گرنگە، چونکە پەیمانی ناتۆ بەشێوەیەکی گشتی هاوبەشیی لەگەڵ زیاتر لە 35 دەوڵەت و رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەرەوەی خۆیدا هەیە و لە هەموو ئەم هاوبەشی و هاوئاهەنگیانەشدا لەگەڵ ئەم دەوڵەت و رێکخراوانە هەوڵ دەدەین بگەینە ئامانجە هاوبەشەکانمان لەڕووی ئاسایش و سەقامگیری و هەتا دوایی. پەیمانی ناتۆ لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندیانەیدا، پەیوەندی لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەیە و لە دەرەوەی ناتۆش، ئاشکرایە کە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەکو دەوڵەت پەیوەندی بەهێزی سەربازی و بەرگریی دوولایەنەی لەگەڵ عێراق و لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە ئێمە وەکو ناتۆ دەبێ لەسەر هەردوو ئاستەکە کار بکەین. دەبێ لە نێوخۆی پەیمانی ناتۆ کار لەسەر ئەم پەیوەندیە تەقلیدی و گرنگانە بکەین و هەمانکاتیش نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە هەموو چارەسەرەکان و هاوئاهەنگییەکان لەڕێی ناتۆوە نەهاتوون. نەخێر ئێمە پەیوەندی دوولایەنەشمان هەن لەگەڵ وڵاتانی ئەم ناوچەیە. کەواتە فۆکەسی ئێمە هاوکات لەسەر هەردوو ئاستەکە دەبێت.
 
رووداو: وەک باست لە پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە کرد، دەزانین کە ئێستا گفتوگۆ لە نێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە بۆ تاوتوێکردنی هاوپەیمانیی دژ بە داعش سەرکردەکانی عێراق دەڵێن ئەمە بۆ کۆتاییهێنانە بە ئەرکەکە و ئەمریکاش دەڵێت ئەمە بۆ گواستنەوەی ئەرکەکانە دەتوانیت باسی ئەمە بکەی، ئەمە بۆ کۆتاییهێنانە بەکارەکان یان بۆ گواستنەوەی کارەکانە؟ 
 
ساموێڵ وێربێرگ: بەڵێ بەڵێ، شتی هەرە گرنگ و جوان لە پەیوەندیی دووقۆڵی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراقدا ئەوەیە کە ئێستا عێراق دەوڵەتێکە خاوەنی سەروەرییە، بۆیە بەرپرسانی عێراقی هەموو مافێکیان هەیە بەناوی خۆیان و وەکو نوێنەری گەلی عێراق قسە بکەن. ئێستا 2003 نییە. وەکو چۆن ولایەتە یەکگرتووەکان خاوەن سەروەرییە عێراقیش خاوەن سەروەرییە. ئێمە دەبێ سوپاسی حکومەتی عێراق بکەین کە میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی لەسەر خاکی خۆی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش و شکستهێنان بە داعش لە ماوەی ئەم ساڵانەدا. بەڵێ ئێستا ئێمە گفتوگۆ لەبارەی ئایندەی ئەو هاوپەیمانییە و هەوڵەکانی عێراق دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. بەمدواییەش کۆبوونەوەیەک هەبوو لەنێوان هەندێ لە بەرپرسانی ئەمریکی و عێراقی و بەردەوامیش دەبین لەو پرۆسەیە و لە هەوڵەکانی خۆمان بۆئەوەی بە وردی ئەوە دەستنیشان بکەین کە سەربازانی ئەمریکا لەوێ دەتوانن چی بکەن و چۆن پێکەوە بڕیار لە هەموو ئەو شتانە بدەین، چونکە ئەم بڕیارە تەنیا بڕیاری ولایەتە یەکگرتووەکان نابێ و دەبێ بڕیاری هاوبەشی نێوان ولایەتە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق بێت.
 
رووداو: باشە مادام وایە، ئەگەر حکومەتی عێراق بڵێت زۆر سوپاس بارگەتان بپێچنەوەو عێراق بەجێبهێڵن ئێوە ئامادەن لەسەر ئەمە گفتوگۆ بکەن، ئامادەن عێراق جێبهێڵن؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: لە روانگەی ئێمەوە، پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا نیاز و ئارەزوویەک هەیە یان نا، نەخێر ئێمە هەموو ئەو بڕیارانە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەدەین. هەر بڕیارێکیش کە بە هاوبەشی دەرچووە، ئێمە رێزی لێ دەگرین. ئەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمریکا وا سەیری عێراق دەکات کە دەوڵەتێکە خاوەنی سەروەرییە، بۆیە هەر بڕیارێک بە هاوبەشی بدەین، دەبێ لە هەردوو لایەنەوە بڕیارێکی رێزلێگیراو بێت.
 
رووداو: لەم دوواییانە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی واشنتنی کرد و فۆکەسی سەرەکی سەردانەکەش پرسی ئابووری بوو، ئەمریکاش هەوڵدەدات پەیوەندییەکی 360 پلەیی لەگەڵ عێراق هەبێت دەتوانیت باسی ئەو پەیوەندییانەی نێوان عێراق و ئەمریکا بکەی؟ ئەمریکا دەیەوێ لە کۆتایی ئەمەدا چی دەستبکەوێت؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای رووداوەکان، پوخت و سادە دەتوانین بڵێین ئامانجە سەرەکییەکە ئەوە بوو عێراق بگاتەوە ئاستی سەروەریی تەواو و دەوڵەتێک بێت کە توانای ئەوەی هەبێ هاونیشتیمانیانی خۆی لە چوارچێوەی سنووری وڵاتدا بپارێزێ و بتوانێ بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە و هەموو خزمەتگوزارییەکی بنچینەیی بۆ تەواوی گەلی عێراق لە باکوورەوە بۆ باشوور و لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای وڵات دابین بکات. ئەمە گرنگترین شت بووە بەلای ولایەتە یەکگرتووەکانەوە. ئێمە وای دەبینین کە بێ هیچ گومانێک دەوڵەتی عێراق دەولەتێکی بەهێزە و توانایەکی گەورەی هەیە لەڕووی ئابووری و ئەمنی و لەڕووی گەشەکردنەوە، بەڵام لە دیدگای ولایەتە یەکگرتووەکانەوە، دەمانەوێ بەردەوام بین لەو پەیوەندییە، دەمانەوێ بەردەوام بین لەو دۆستایەتییەی لەگەڵ گەلی عێراق هەمانبووە. بۆیە وەکو گوتم فۆکەسی ئێمە لەسەر هەموو لایەنەکانی ئەو پەیوەندییە دەبێت. بە تەنیا ئەوە بەس نییە کە فۆکەسمان لەسەر لایەنی ئاسایش و بەرگری بێت، دەبێ گرنگی بە لایەنی کولتووری و مەسەلەی ژینگە و کەشوهەوا و هەموو ئەو ئاڵنگاریانەش بدەین.
 
رووداو: ئەی هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم پەیوەندییانەدایە؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: بێگومان پەیوەندیی نێوان ولایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تایبەت و زۆر بەهێزە و ئەوەش بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.. دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی دووەمی کەنداو لە سەرەتای ساڵانی نەوەتەکان. ولایەتە یەکگرتووەکان پێیوایە کە پێویستە هاوئاهەنگیی زیاتر لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی هەبێ. لەو رووەوە پێشوازی لە دوایین راگەیێنراوی تایبەت بە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین. پێشمانوایە کە هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی هەیە لەڕووی گەشەپێدانی عێراق و لەڕووی ئاسایش و سەقامگیری، بۆیە دەمانەوێ ئەوە ببینین کە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان ئەو رۆڵە جەوهەرییەی خۆیان بگێڕن.
 
رووداو: زۆرباشە پرسیار لەسەر هەرێمی کوردستان دەکەین، بەڵام باس لە هاوئاهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەم، یەکەم تاوەکو چەند نیگەرانن کە ناکۆکی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ ماوەیەکی زۆرە چارەسەر نەکراون، بۆچوونتان لەسەر ناکۆکی نەوت و گاز لە نێوان هەولێر و بەغدا چییە؟ 
 
ساموێڵ وێربێرگ: بەڵێ بەڵێ، هەر کاتێ، چ ئێستا و چ لە رابردوو، هەر ناکۆکییەک و کێشەیەک کە لە ئەنجامی نەمانی هاوئاهەنگی بووبێ لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئێمەی تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی کردووە، چونکە ئێمە گەلی عێراق بە دۆست و هاوڕێ دەزانین بە عەرەب و کورد و شیعە و سوننە و ئەوانی دیکەشەوە، کەواتە ئێمە دەمانەوێ یەک دەوڵەتی بەهێز ببینین کە توانای هەبێ خۆی لە هەر هەڕەشە و مەترسییەکی دەرەکی بپارێزێ، بۆیە وای دەبینین کە هەرکاتێ ئەو هاوئاهەنگییە لەنێوان هەولێر و بەغدا نامێنێ، ئەوە بۆشاییەکی سیاسی دروست دەکات کە دەکرێ لایەنی دیکە سوودی لێوەرگرن.
 
رووداو: ئەو لایەنە سێیەمە کێیە؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: دەکرێ ئێران بێت، دەکرێ میلیشیاکان بن و لیستەکە درێژە، بەڵام دەکرێ....
 
رووداو: نیگەرانن لە هەبوونی هەژموونی ئێران لەسەر بەغدا و هەولێر؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: ئێمە ساڵانێکە ئەو دڵەڕاوکێیەمان لە نفوز و دەسەڵاتی ئێران هەیە، ئەمە نە تەنیا لە عێراق بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە، تۆ تەماشای هەموو ئەو هەڕەشانە بکە لەلایەن حیزبوڵڵا و حەماس و حوسییەکانەوە، ئەم بریکارانە هەموویان هاوکاری لە ئێران وەردەگرن. بۆیە هەمان دڵەڕاوکێمان لە میلیشیاکانی ناو عێراقیش هەیە کە هاوکاری لە ئێران وەردەگرن.

 

رووداو: ئەمە تەنیا نیگەرانییە یان بەنیازن شتێک بکەن سەبارەت بە فراوانبوونی هەژموونی ئێران لە عێراق و لە داهاتووی عێراقدا؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە دەکرێ گرنگترین شت.. گرنگترین شتێک کە بیکەین ئەوەیە هەموو هەوڵەکانمان بە ئاراستەی بەهێزکردنی حکومەتی عێراق بێت. بە ئاراستەی بەهێزکردنی دامەزراوە عێراقییەکان بێت، بەهێزکردنی دامەزراوە هەرێمییەکانی نێوخۆی عێراق بێت، لەوانە هەرێمی کوردستان و هەر ناوچەیەکی دیکە. ئەمە گرنگترین شتە بەلای ولایەتە یەکگرتووەکانەوە.
 
رووداو: ئێوە ئەم خواستە لەسەرکردەکانی عێراق دەبینن؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: نا، نەخێر
 
رووداو: خواست بۆ نەچوونە ژێر ئەو بڕیارانەی لەلایەنی سێیەمەوە دێت.
 
ساموێڵ وێربێرگ: بەڵێ ئێمە وای دەبینین چونکە پێمانوایە دواجار بەرپرسانی عێراق بەرپرسانی عێراقن، بەرپرسی ئێرانی و هیچ شتێکی دیکە نین بە چاوپۆشی لە تائیفە و حیزب و هەر شتێکی تر. بۆیە پێمانوایە سەرەڕای هەر ناکۆکییەکی سیاسی لەنێوخۆی وڵاتدا، بەرپرسانی عێراق ئەو توانایەیان هەیە کە بەرپرسیارێتی هەڵگرن و دەسەڵاتی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە بخەنە کار بەبێ ئەوەی پێویستیان بە دەسەڵاتێک لە دەرەوەی وڵات هەبێ.
 
رووداو: بابچینە سەر باسی هەرێمی کوردستان، باست لەوەکرد کە هەلبژاردنێک لە 20ی ئۆکتۆبەر هەی ئەمریکا زۆر لەگەڵ سەرکردەکانی کورد هەوڵیدا تاوەکو رۆژێک دیار بکەن، پێتان وایە هەلبژاردنی ئەمجارە لەو کاتەی دیارییکراوە بەڕێوەبچێت؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: ئێمە هەمیشە هەوڵ دەدەین گەشبین بین. زەحمەتە پێشبینی هیچ ئەنجامێک بکەین، هێشتا چەند مانگێکمان لەپێش ماوە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام وەکو گوتم ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازی لەو بڕیارە دەکات، چونکە گەلی کورد شایستەی ئەو هەڵبژاردنەن. هەڵبژاردن لەبەر ئەوە نا کە ولایەتە یەکگرتووەکان دەڵێ هەڵبژاردن شتێکی باشە، نەخێر هەڵبژاردن هەلی نوێ بۆ هاونیشتیمانیان دەستەبەر دەکات بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە وڵات بەڕێوەببات و کێ هەرێمەکە بەڕێوەببات، بۆیە ئێمە پێشوازی لە هەڵبژاردن دەکەین و دەشمانەوێ ئەوە ببینین کە هەڵبژاردنێکی ئازاد و خاوێنە و بەشێوەیەکی شەفاف بەڕێوەچووە و ئەمە چاوەڕوانیی ئێمەیە لە هەر هەڵبژاردنێک. دوایین خاڵ کە دەمەوێ لێرەدا باسی بکەم، ئێمە سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز بارزانی دەکەین بۆ هەوڵەکانی لەو چوارچێوەیەدا.
 
رووداو: رۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینیت لە نزیکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و دیارکردنی رۆژی هەڵبژاردن؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: نەخێر ئەوەی دەمویست بیڵێم، ئێمە ئەو هەوڵانە بەرز دەنرخێنین. چونکە ئەو هەوڵانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی مەسەلەیەکی جەوهەرییە بۆ ئەو هەڵبژاردنەی لە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو ئەنجامەکەی دەبینین.
 
رووداو: ئەی رۆڵی ئەو چۆن دەبینیت لە نزیکردنەوەی هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان؟ چونکە چەند جارێک لەم دوواییانە سەردانی بەغدای کرد و رۆڵی ئەو چۆن دەبینن، هیچ پشتیوانییەک هەیە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەرۆکی کوردستان بۆ دانوستاندکردن لەسەر ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی کیشەکان، چونکە ئەوەی من بیستوومە و خوێندوومەتەوە ئەو پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران و تورکیا و بەگذا و هەموولایەک و لەگەل ئەمریکاش هەیە، ئەمە چؤن دەبینیت هیچ پشتیوانییەکی ئەمریکا هەیە بۆ سەرۆک تاوەکو کێشەکان چارەسەر بکات؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: بەڵێ بەگشتی بڵێم ولایەتە یەکگرتووەکان پێشوازی لە هەموو ئەو دیدار و کۆبوونەوە و دانوستاندنانە دەکات، بەڵام ئەو دانوستاندن و دیدار و کۆبوونەوانە بابەتی نێوخۆی یەک وڵاتن. ئێمە پێشوازی لەو هاوئاهەنگییە دەکەین چونکە وەکو لە سەرەتای ئەم گفتوگۆیە گوتم پێویستە ئەوە ببینین کە جۆرێک لە هاوئاهەنگی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە. ئەو هاوئاهەنگییە دەبێتە مایەی سەرکەوتن بۆ وڵاتەکە و بۆ هاونیشتیمانیانیش. سەبارەت بە دانوستاندن و رۆڵی ولایەتە یەکگرتووەکان لەوەدا، ئێمە بەگشتی وای دەبینین کە بەرپرسانی هەولێر و بەغدا توانای ئەوەیان هەیە بگەنە چارەسەری گونجاو بۆ هەر ئاڵنگارییەکی کە لەسەر ئاستی نێوخۆ دێتە پێشیان بەبێ ئەوەی پێویست بە گوشار و دەستێوەردانی ولایەتە یەکگرتووەکان بکات. ولایەتە یەکگرتووەکان دۆست و هاوبەشی گەلی عێراقە بەگشتی، بەڵام وای دەبینین کە لایەنەکانی نێوخۆی وڵات هەموو توانایەکیان هەیە.
 
رووداو: ئێوە بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان لەکاروباری نیوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان ناکەن؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: نا نا، چونکە ... نا چونکە ولایەتە یەکگرتووەکان.. رەنگە بۆ نموونە داوای یارمەتی تەکنیکی بکەن ئەگەر لەو رووەوە ئاستەنگێک هاتە پێش. ولایەتە یەکگرتووەکان بەهۆی ئەو پێشینە مێژووییەی هەیەتی، ئەزموونی هەیە، خەڵکی شارەزا و پسپۆڕی هەیە و دەتوانین راوێژ و ئامۆژگارییان بدەینێ.
 
رووداو: داواتان لێکراوە هاوکارییان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کیشەکان؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: ئەوە ساڵانێکە، شتێکی نوێ نییە. ساڵانێکە ولایەتە یەکگرتووەکان، من خۆم لە 2009 و 2010 لە عێراق بووم و لەوکاتەوە هەمیشە ئامادە بووە بۆ گفتوگۆ و راوێژ، بەڵام بەنیسبەت وردەکارییەکان دەبێ تەماشا بکەین ئاخۆ هیچ پێویستییەکی تایبەت هەیە لە کاتێکی دیاریکراو؟ بەڵام ئێستا وای دەبینین کە بەرپرسان لەنێوخۆی عێراق هەموو توانایەکیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی دێنە پێشیان.
 
رووداو: مادام باسەکە هەر هەرێمی کوردستانە، ماوەیەک بەر لە ئێستا نیگەرانی زۆرتان هەبوو سەبارەت بە ناکۆکی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستاش هەمان نیگەرانیتان هەیە؟ ئەی هەلسەنگاندنتان بۆ پەیوەندییەکانی نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چییە؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: لە روانگەی ئێمەوە وەکو ولایەتە یەکگرتووەکان، ئێمە وای دەبینین کە لە هەر سیستەمێکی دیموکراسیدا ئەگەر ناکۆکی لەنێوان حیزبەکاندا هەبوو، جا لە هەر سیستەمێکدا بێت، هەر سیستەمێکی ئەم دنیایە، ئەوە هەڵبژاردن چارەسەری دەکات. میللەتیش ئەگەر بە ئەنجامەکەی قایل نەبوو، ئەوە هەڵبژاردنێکی دیکەی بەدوادا دێت، کەواتە لە روانگەی ئێمەوە، هەر کێشە و ئاستەنگێک کە دێتە رێی حیزبە سیاسییەکان، چارەسەرەکەی دەبێ لەڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە بێت، لەڕێی هەڵبژاردنەوە بێت.
 
رووداو: ئەی بۆچوونتان لەسەر چاکسازییەکانی پێشمەرگە چییە، هەروەها لەسەر رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەیەکی وەک داعش چییە؟ 
 
ساموێڵ وێربێرگ: من بەڕاستی شارەزای کاروباری سەربازی و بەرگری نیم، دەکرێ ئەو پرسیارە لە برادەرانی وەزارەتی بەرگری بکەن، چونکە ئەوان پەیوەندییەکی نزیکتریان لەگەڵ پیشمەرگە هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێمە پێشوازی لە هەر چاکسازییەک لەنێو هەر دامەزراوەیەک دەکەین، چونکە وەکو گوتم ئێمە وەکو ناتۆ پێمانوایە هەر دامەزراوەیەک دەبێ هەمیشە لە خۆنوێکردنەوەدا بێ. کەواتە هەمان دیدگامان بۆ پێشمەرگەش هەیە، بەڵام بەگشتی ئەوە وەزارەتی بەرگرییە کە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ ئەوان هەیە و لە وەزارەتی دەرەوە باشتر ئاگاداری ئەوەن.
 
رووداو: ئەی هەلسەنگاندنی وەزارەتی دەرەویە ئەمریکا چییە، رازین لەو هەنگاوانەی کە گرتوویانەتە بەر؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: ئەوە دەبێ وەزارەتی بەرگری وەڵامی بدەنەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، وای دەبینین کە ساڵانێکە، لە دەیان ساڵ لەمەوبەرەوە پێشمەرگە هەمیشە رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستاندا.

 

رووداو: بگەڕێینەوە سەر ناتۆ، ئەمە دووایین پرسیارم دەبێت، پێتوایە هاوئاهەنگییەکانی ناتۆ لەگەل هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستان کەئەکتەرێکی نادەوڵەتییە بەهێزتر ببێت و هاوئاهەنگی زیاتر ببێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەیەکی هاوبەشی وەک داعش؟
 
ساموێڵ وێربێرگ: بەهیواین هاوئاهەنگیی زیاتر لەنێوان پەیمانی ناتۆ و هاوبەشەکانی ببینین. ئێمە 35 هاوبەشمان لە دەرەوەی ناتۆ هەیە و بەهیواین هاوئاهەنگیی زیاتر لەنێوان ئەم هاوبەشانە ببینین، چونکە وەکو گوتم ئاڵنگارییەکانی ئەمڕۆ لەوانە نین کە پێشتر بینیومانن. ئێستا ئاڵنگاریی هەرە گەورە لەلایەن رووسیاوەیە کە لەشەڕدایە لەگەڵ ئۆکراینا و بێگومان گفتوگۆی چڕوپڕ دەربارەی ئەو بابەتە دەبینین، بەڵام هاوکات گفتوگۆی دیکەش دەبینین لەبارەی ئاڵنگارییەکانی دیکە، وەکو گرووپە تیرۆریستییەکان و ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و ئەو هەڕەشانەی لە چینەوە سەرچاوە دەگرن، بۆیە بە دڵنیاییەوە هاوئاهەنگیی زیاتر دەبینین لەنێوان ناتۆ و وڵاتانی ئەم ناوچەیە.
 
رووداو: خۆشحاڵبووم کە میوانی رووداو بووی.
 
ساموێڵ وێربێرگ: زۆر سوپاس.