چەند ئەندامێکی کۆنگرێس بۆ بلینکن: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە بکە
رووداو دیجیتاڵ
چەند ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، داوا لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکەن لەسەر بەرزترین ئاست گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە بکات، تاوەکو دەستبەجێ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
گرووپی پشتیوانی لە کورد لە کۆنگرێسی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە 15-06-2023 لەبارەی پرسی وەستانی هەناردەکرنی نەوتی هەرێمی کوردستان نامەیەکیان بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناردووە و "سوپاس و پێزانین"ـی خۆیان بۆ هەوڵەکانی بۆ سەقامگیریی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دەردەبڕن.
لە نامەکەدا داوا لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکەن، لەسەر بەرزترین ئاست لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە گفتوگۆ بکەن تاوەکو دەستبەجێ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆڕی تورکیا - عێراق دەستپێبکاتەوە.
ئەندامەکانی کۆنگرێس بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکایان نووسیووە، ''وەک خۆتان ئاگادارن، لە مانگی ئادارەوە، بۆڕی نەوتی عێراق - تورکیا وەستاوە کە تاکە بژاردەی کارمەیە کە هەرێمی کوردستان بتوانێت لە رێگەیەوە ئەو نەوتە هەناردە بکات کە بەرهەمیدەهێنێت. ئەم وەستانەش وایکردووە هەرێمی کوردستان 80%ـی داهاتی خۆی لەدەستبدات.''
لە نامەکەدا هاتووە، ئێستا عێراق خاوەنی یاسای بودجە نییە، ئەمەش وایکردووە پێدانی بودجە بە هەرێمی کوردستان، پابەندییەکی دەستووری نەبێت. ''ئەم دوو کێشەیەش بەیەکەوە وایکردووە سەقامگیری ئابووریی هەرێمی کوردستان بخاتە بەردەم پرسیارەوە."
ئەندامەکانی کۆنگرێس "نیگەران"ـی خۆیان بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رادەگەیێنن و دەڵێن، ''ئەگەر ئەم کێشەیە بە زوویی چارەسەر نەکرێت، رەنگە ببێتە هۆکاری دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی دیکەی مرۆیی.''
"تێپەڕینی هەرێمی کوردستان بەم دۆخە ئابوورییەدا لەکاتێکدایە، ئێستا هەرێمی کوردستان میوانداری سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی نێوخۆیی سووریا و عێراقی کردووە، ئەمەش لە ئەنجامی شەڕی داعش"، بەگوتەی ئەندامەکانی کۆنگرێس.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت پێویستییە، بەڵام کاتێکیش کاریگەر دەبێت کە یاسایەکی بودجە لە عێراق هەبێت کە پابەندی دەستووری بخاتە ئەستۆی بەغدا کە بەشە بودجەی هەولێر بدات." هاوکات نیگەرانی خۆشیان سەبارەت بە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجەی عێراقیان دەربڕیوە.
ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجە کراوە، وەک ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس دەڵێن، "رەنگە ببێتە هۆکاری لەباربردنی رێککەوتنەکەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لە سەرەتای ئەمساڵدا کردوویانە."
نووسیوویشیانە، ''بڕوامان وایە کە حکومەتی ئەمریکا لە بارێکی ناوازەدا دەبێت کە بتوانێت چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە و پێداگری لە گرنگی رێزگرتن لەم رێککەوتنە و پێکهاتەی فیدراڵیی عێراق بکاتەوە، هەروەها دڵنیایی بدات لەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگاتە بازاڕەکانی جیهان.''
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە دوای ئەوەی یەکەمین کۆمپانیای نەوتی ئەمریکا پێش 15 ساڵ چووە هەرێمی کوردستان، توانییان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سفرەوە بگەیێننە سەرووی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کە ئەو بەرهەمهێنانەش هاوکاری ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەکات وەک دووەمین گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپیک.
هەروەها ئەندامەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە نامەکەیاندا بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان، ئاماژەیان بەوەشداوە کە ئێستا هەرێمی کوردستان خەریکە پەرە بە بەرهەمهێنانی گازیش دەدات کە ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی زیاتر دابینکردنی گاز بۆ عێراق و ئەوروپاش. ئەمەش لەکاتێکدایە، "دابینکردنی گاز و نەوتی جیهانی هێشتا لەژێر هەڕەشەکانی داگیرکاری رووسیایە بۆسەر ئۆکراینا، هەر ئەمەش وادەکات کە زیاتر لە هەر کاتێک سێکتەری نەوتی عێراق لە دۆخێکی ئارام و بێ کێشەدا بێت."
هاوکات، بیری ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاشی دەهێننەوە کە کورد "هاوبەشێکی گرنگی" ئەمریکابوون لە شەڕی دژ بە داعش و دەشڵێن، ''بەدڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکی سەقامگیری ناوچەییە، بووەتە پەناگەیەکیش بۆ پەنابەران و پێکهاتە زووڵملێکراوەکان."
سێ ئەندامی ئەو گرووپە واژۆیان لەسەر نامەکە کردووە کە پێکهاتوون لە مایکڵ واڵتز، سێس مۆوڵتن و دۆن بیکن.